Skip to the content
Menu

جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زیرى داراییی عێراق كۆبووه‌وه‌

له‌درێژه‌ی دیدارو به‌سه‌ركردنه‌وه‌كانی له‌شارى به‌غدا، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ۲۸ی ئەیلولی ۲۰۱۹، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانى كوردستان به‌یاوه‌ریى هێڤیدار ئەحمه‌د جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی کوردستان و بەڵێن ئیسماعیل سەرۆکی لیژنەی وزەو سامانەسروشتییەکان و سەرکۆ ئازاد بڕیاردەری لیژنەکەو فارس عیسا نوێنه‌رى حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غدا سەردانی د۰فوئاد حوسێن وەزیری داراییی عێراقى كرد.
لە کۆبوونەوەیه‌كدا هێمن هەورامی باسى له‌ په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدرالیی عێراق كردو جه‌ختی له‌سه‌ر چارەسەرکردنی کێشە هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوانیان بەرێگه‌ی دیالۆگێکی راستەقینەو به‌پێی دەستوور و جێگیركردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان له‌ بودجه‌ى گشتیی عێراق بۆ ساڵی ۲۰۲۰ كرده‌وه‌، هەروەها رایگەیاند هەرێمی کوردستان لەسەر فایلی نەوت و شایستە داراییەکان ئامادەی رێکەوتنێکی کۆنکریتییە لەسەر بنەمای دەستوور.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا هێمن هەورامی باسی لە پێویستیی بوونی پەیوەندییەکی باش له‌نێوان لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمانی کوردستان و لیژنه‌كانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییه‌كان کرد بۆ ئالوگۆری راوبۆچوون و پێشنیازەکانی هەردوولا پێش ئامادەکردنی هەر پڕۆژەیاسایه‌ک.
لای خۆیەوە د۰فوئاد حوسێن وەزیری داراییی عێراق بەگرنگییەوە باسی لە پێویستیی بوونی پەیوەندییەکی باش لەنیوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کردو دووپاتی لەچارەسەری کێشەکان بەرێگه‌ی دانووستاندن و لێکتێگەشتن بۆ سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان كرده‌وه‌.