Skip to the content
Menu

جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیى لە نوێنەری رێکخراوی (UNHCR) كرد

لەدیدارێکی نێوان جێگری سەرۆکی پەرلەمان و رێکخراوی (یو ئێن ئێچ سی ئاڕ) رەوشی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان تاووتوێ کرا.
هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەئامادەبوونی ئەرشەد حوسێن ئەندامی لێژنەی كاروبارى یاسایی له‌ پەرلەمانی کوردستان، ئەمرۆ چوارشەممە ١٨/٩/٢٠١٩، پێشوازیى لە ئەیمەن غرایبە نوێنەری رێکخراوی (یو ئێن ئێچ سی ئاڕ) لە عێراق و ئیتا شوێتن سەرپەرشتیاری ئۆفیسی رێکخراوەکە لە هەولێرو شاندێکی یاوەریان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا تێشک خرایە سەر بارودۆخ و رەوشی پەنابەران و ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان و بەهێزی کلتووری لێبووردەیی خەڵکی کوردستان سەرەڕای ئەو قەیرانانەی دووچاری بوونەتەوە، بەڵام هەمیشە دەرگایان کراوە بووە بۆ لەخۆگرتنی لێقەوماوان لەناوەوەو دەرەوەی عێراق، لەمبارەیەوە هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان باسی لە رەوشی ئاوارەکانی ناوەوەو دەرەوەی عێراق کرد کەماوەی چەندین ساڵە روویان لەهەرێمی کوردستان کردووە، لەگەڵ زۆری رێژەی ئاوارەکان و زۆری قەیرانەکان، بەڵام هەرێمی کوردستان دەرگای بۆ کردوونەتەوەو تائێستا هیچ کێشەیەک لەنێوان ئاوارەکان و خەڵکی کوردستان روویان نەداوە، لەگەڵ ئەوەش هەرێمی کوردستان پێویستیی بەهاوکاریی نێودەوڵەتی هەیە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەدرێژەی وتەکانی بۆ شاندی میوان رایگەیاند: "بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان پێویستە کۆمەڵێک رێکار بگیرێتەبەر، ئەویش ئارامکردنەوەی دۆخی ناوچەکانیان و دابینکردنی ژیانێکی گونجاوە بۆیان تابتوانن ژیانێکی سەربەرزانە ببەنەسەر". داواشی لە شاندی میوان کرد بە گەیاندنی دەنگی هەرێمی کوردستان بە رەتکردنەوەی مادەی ١٦ی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان کەبەهۆیەوە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لەو ئاوارانەی روویان لەهەرێمی کوردستان کردووە بێبەش دەبن لەمافی دەنگدان.
لەلایەن خۆیەوە شاندی (یو ئێن ئێچ سی ئاڕ) سوپاسی هەرێمی کوردستانیان کرد بە لەخۆگرتنی ئاوارەکانی ناوەوەو دەرەوەی عێراق، پەرلەمانی کوردستانیان بەسیمبولی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان وەسفکردو رایانگەیاند: "هەرێمی کوردستان نمونەیەکی جوانە لەجیهان بە لەخۆگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵکی پەنابەرو ئاوارە لەناوەوەو دەرەوەی عێراق".
لەکۆتایی دیدارەکەدا هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە نابێت بەزۆر ئاوارەکان رەوانەی ناوچەکانیان بکرێنەوەو ئەو هۆکارانەشیان خستەڕوو کە بوونەتە رێگر لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان لەوانە نەبوونی ئەمنیەتی پێویست و خزمەتگوزاری و بوونی حەشدی شەعبی و دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەکانیان، هاوڕاش بوون لەسەر ئەوەی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان پێویستە ئەو کێشانە لە بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ چارەسەر بکرێن.