Skip to the content
Menu

جێگری سەرۆکی پەرلەمان هەڵوێستی هەرێمی کوردستانی له‌میانی پانێڵێکی دیداری رافیدەین خستەڕوو

ئەمڕۆ هەینی ۲۷ی ئەیلولی ۲۰۱۹، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی دووەمی دیداری رافیدەین بۆ ئاسایش و ئابووری کە لەبەغدا بەڕێوەدەچێت بەشداریی لە پانێڵێکدا کردو تیایدا تیشکی خستەسەر رەوشی سیاسی و ئابووری و ئاسایشی عێڕاق و هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و میحوەربەندییەکانی ناوچەکە.
لە میانەی پانێڵەکەدا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سوپاسی ڕێکخەرانی دیداری رافیدەینی کرد لە کاتێکدا کەعێراق و ناوچەکە بەدۆخێکی هەستیاردا دەڕوات و ئەنجامدانی دیداری لەمجۆرەی بە گرنگ بۆ لێکنزیککردنەوەی بۆچوونەکان وەسفکرد له‌ ڕووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەوی و بەهێزکردنی یەکڕیزی و بەرەنگاربوونەوەی ئەو کێشانەی بەرۆکی عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووە.
هەر لە پانێڵەکەدا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لە ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان کرد لەو سیاسەت و ستراتیژییەتەی کە پیادەی دەکات بەمەبەستی لێکنزیکبوونەوەو هەنگاونان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپه‌سێردراوەکان لەگەڵ بەغدا، هاوکات باسی لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کرد کە لەئێستادا دووبارە خەریکە بەهێز و گوڕوتینێکی ترەوە سەرهەڵدەدەنەوە،و دەگەڕێنەوە ئەو شوێنانەی کە پێشتر تێیدا بوونە، لەدرێژەی وتەکانیدا جێگری سەرۆکی پەرلەمان باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کردو ڕایگەیاند: "پێویستە کێشەکان لەچوارچێوەی دەستوور بەگفتوگۆ و هەنگاوی کرداری چارەسەر بکەین و هەوڵبدەین بێلایەنانە مامەڵە لەگەڵ ئەو گۆڕانکاری و گرژییانەی کە لەناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاستدا هەیە بکەین، چونکە هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور بەشدارە لەو بەرپرسیارێتییانەی کە دەکەونە سەر عێراقی فیدڕاڵ لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانەی لەناوەوە و دەرەوە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە"، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گره‌نتیی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغدای بە لێکنزیککەوتنەوه‌ و چارەسەری کێشەکانی نێوانیان بەڕێگەی گفتوگۆو لەچوارچێوەی دەستووری عێراقی فیدڕاڵدا خستەڕوو.