Skip to the content
Menu

جێگری سەرۆکی پەرلەمان پشوازیی لە کونسوڵی نوێی فەرەنسا له‌ هه‌رێمی كوردستان کرد

پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ سێشەممە ١٠/٩/،٢٠١٩، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە نوسینگەی تایبەتیی خۆی لە ته‌لاری پەرلەمان بە ئاماده‌بوونی منی نبی قه‌هوەچی سکرتێری پەرلەمان پێشوازیی لە ئۆلیڤیێ دێکوتینیێز کونسوڵی نوێی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وێڕای پیرۆزباییكردن لە ئۆلیڤیێ دێکوتینیێز به‌بۆنه‌ى دەستبەکاربوونی وه‌ك کونسوڵی نوێی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، باسی لە په‌یوه‌ندی و دۆستایەتیی دێرینی نێوان کوردستان و وڵاتی فەرەنسا کردو سوپاسی هەڵوێستەکانی ئەو وڵاتەى کرد کە لە رۆژە سەختەکاندا پشتگیرییان لە خەڵکی کوردستان کردووە، پاشان باسی لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کرد کە لەئێستادا گفتوگۆکان بەردەوامن لەنێوانیاندا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوانیان.

هەر له‌ دیداره‌كه‌دا هێمن هه‌ورامی باسی لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق و مادەی ١٦ لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و سەرهەڵدانەوەی داعش کرد لەو ناوچانەی کە لەئێستادا پێشمەرگەیان تێدا نه‌ماوە كرد.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لەو هەنگاوانەش کرد کە پەرلەمانی کوردستان ناویەتی بۆ دروستکردنی کۆدەنگی و پشتیوانیی سیاسی لەنێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کوردستان لەبەغدا بەمەبەستی هاوئاهەنگیی زیاترو کۆدەنگی لەسەر نوسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان لەم خولەی پەرلەمان و پاڵپشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ستراتیژییەت و سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پڕۆژەی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان، داواشی لە وڵاتی فەرەنسا کرد نێوەندگیری بکەن لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە لەنێوان هەردوولادا.
لای خۆیەوە منی نبی قه‌هوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان باسی لە پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە مافەکانیان دەستەبەرکراوە و لەئێستادا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و لەناو کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا پێگەی گرنگیان هەیەو سەرجەم نەتەوەکانی هەرێمی کوردستان لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە پێشکەوتنی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە و هیواشی خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا بەردەوامیان هەبێت.
له‌ به‌رامبه‌ردا ئۆلیڤیێ دێکوتینیێز کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان سوپاسی پەرلەمانی کوردستانی کردو رایگەیاند: "هەرێمی کوردستان بە ماڵی خۆم دەزانم و گرنگە بۆ فەرەنسا سەقامگیریی زیاتر لە هەرێمی کوردستان و عێراق بێتە ئاراوە"، هیواشی خواست لە داهاتوودا سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.