جێگری سەرۆکی پەرلەمان پێشوازیی لە شاندێكی لیژنەی وەرزش و لاوان له ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق كرد
لەچوارچێوهی پتەوکردنی پهیوهندییهكان و هاوکاری و هەماهەنگییەکان لهنێوان لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان و لیژنهكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵدا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٩، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی لیژنەی وەرزش و لاوان له ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد کە پێکهاتبوو لە عەباس علێوی سەرۆکی لیژنهو دیار تەیب جێگری سەرۆکی لیژنەو ئارەزوو مهحمود بڕیاردەری لیژنەکە.
لە دیدارێکدا کە لوقمان وەردی سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی کوردستان ئامادەیبوو، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان جەختی لە گرنگیی پتەوکردنی پهیوهندییهكان و هاوکاری و هەماهەنگییەکانی نێوان لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان و لیژنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ کردهوه لەو یاسایانەی کە پەیوەندیدارن بەهەردوو لیژنە پەرلەمانییەکە و ئەو یاسایانەی لە بەرژەوەندیی لاواندایە لەبوارە جیاجیاکاندا.
ههر لە دیدارەکەدا هەردوولا جەختیان لەسەر ئەو یاسایانە کردەوە کە زیاتر خزمەت بە بواری وەرزش و لاوان دەکەن لە دژایەتیکردنی بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و دابینکردنی هەلی کار بۆ لاوان و گرنگیدان و ئاسانکاری بۆ بواری وەرزش و لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم پێشکەوتنی ئەو بوارە.
لە کۆتاییدا شاندی لیژنەی وەرزش و لاوان لە ئهنجوومهنى نوێنهرانی عێراق ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ هاوکاری و هەماهەنگییان لە داڕشتن و نووسینەوەی یاساکان و بەدواداچوونەکانیان بۆ بواری وەرزش و لاوان لەگەڵ لیژنە هاوتاکەیان لە پەرلەمانی کوردستاندا.