Skip to the content
Menu

ده‌قى وتارى سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆى په‌رله‌مان

له‌دانیشتنی ژماره‌ (2)ى ئاساییی خولی پایزه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2019/9/25 سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆ به‌ڕێوه‌چوو، د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌بۆنه‌ی ساڵیادی دووه‌مى پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان (ریفراندۆم) وتارێكی پێشكه‌شكرد كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان
ئه‌ندامانی به‌ڕێزی په‌رله‌مان...
كوردستانیانی ئازیز...
ئه‌مڕۆ دوو ساڵی ته‌واو به‌سه‌ر ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی ڕاپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆیى تێده‌په‌ڕێت، پرۆسه‌یه‌ك كه‌ له‌هه‌لومه‌رجێكی بابه‌تیی تایبه‌ت و دوای شه‌ڕی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و له‌دۆخێكی ڕاگوزه‌ری هه‌رێم و عێراق و ناوچه‌كه‌دا ئه‌نجامدراو بۆ سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان و دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم ئاسان نه‌بوو كه‌ پشتیوانیی به‌ره‌یه‌كی تۆكمه‌ له‌ئاستی هه‌رێمی و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پیاده‌كردنی ئه‌م ئیستیحقاقه‌ی گه‌له‌كه‌مان وه‌ده‌ستبهێنن، ڕه‌نگه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنیش بۆ هه‌ندێ فاكته‌رو ئاماژه‌ی سه‌ركه‌وتن و قبوڵكردنی ئه‌نجامه‌كان و كارپێكردنیان له‌ئاستی خواستدا نه‌بووبێت، بۆیه‌ له‌قۆناغێكدا كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌ندێ له‌دۆسته‌كانی میلله‌ته‌كه‌مان له‌كاتی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌دا پشتیان لێكردین و له‌به‌رده‌م لێشاوی كاردانه‌وه‌ ناوخۆیی و ئیقلیمیه‌كاندا به‌ته‌نها به‌جێیانهێشتین.
نوێنه‌رانی ئازیزی گه‌لی كوردستان....
ئه‌وكات و ئێستاش بۆچوونمان وایه‌ كه‌ (مافی چاره‌ی خۆنوسین) مافێكی سروشتی و ئه‌زه‌لیی هه‌ر گه‌لێكه‌و به‌جۆرێك وابه‌سته‌ی ئیستیحقاقاتی گه‌لان كراوه‌ كه‌ له‌پره‌نسیپێكی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ بۆ مافێكی بنه‌ڕه‌تی گۆرٍاوه‌و هه‌ردوو په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی مافه‌ سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كان و مافه‌ ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیرییه‌كان وه‌ك مافێك له‌مافه‌كانی گه‌لان بۆ گوزارشت له‌خۆكردن ناساندوویانه‌و ڕاپرسیش یه‌كێكه‌ له‌ ئامڕازه‌كان بۆ ئه‌و گوزارشت له‌خۆكردنه‌ی گه‌لان.
هاوكات ئه‌و دروشمه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌شه‌ كه‌ هێزه‌ تێكۆشه‌ره‌كانی كوردستان چه‌ندین ساڵه‌ له‌پێناویدا تێده‌كۆشن و به‌هه‌زاران گه‌نجی خوێن گه‌رمی كوردستانی له‌پێناوی گه‌یشتنی گه‌لی ئێمه‌ به‌ئامانجه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ بڕیاردان له‌ چاره‌نووسی خۆی به‌ سه‌خاوه‌ته‌وه‌ گیانیان به‌خشی.
بۆیه‌ په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ چه‌ترى كۆكه‌ره‌وه‌ى گشت جیاوازییه‌كانه له‌ 15-9-2017 به‌رمه‌بنای باوه‌ڕی ته‌واوی به‌و مافه‌ی گه‌لان و گه‌له‌كه‌مان دوای بێئومێدبوون له‌ جێبه‌جێكردنی ده‌یان مادده‌ی ده‌ستووری عێراقی فیدراڵ و بنه‌ماكانی هاوسه‌نگی و شه‌راكه‌ت و سازانی نیشتیمانی و وه‌ك ته‌واوكاری بۆ بڕیاری به‌فیدراڵیكردنی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕاسپارده‌یه‌ك هه‌ڵوێستی ئه‌رێنیی خۆی سه‌باره‌ت به‌ڕاپرسی ڕاگه‌یاند.
به‌ڵام به‌گشتی پێشترو پاش ئه‌نجامدانی ڕاپرسیش جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر دیالۆگ و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غداد بژارده‌یه‌كی په‌سه‌ندكراوی گه‌له‌كه‌مان و په‌رله‌مانی كوردستانیش بووه‌و دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم به‌غدایان به‌ قووڵایی ستراتیژی زانیوه‌و ده‌زانین، ئێستاش وێڕای ڕووداوه‌ نه‌خوازراوه‌كان گه‌لی كوردستان خوازیاری چاره‌سه‌ری سه‌رجه‌م گرفته‌كانییه‌تى به‌رمه‌بنای ده‌ستووری عێراقی فیدراڵ بۆئه‌وه‌ی چیتر پێشێلكاریی ده‌ستووری به‌رامبه‌ر ماف و شایسته‌ سیاسی و داراییه‌كانی هه‌رێمه‌كه‌مان نه‌كرێت، بۆ ئه‌مه‌ش ئێستا له‌ هه‌ركات زیاتر گه‌له‌كه‌مان و هه‌رێمه‌كه‌مان پێویستیی به‌ ته‌بایی و گیانی پێكه‌وه‌كاركردنه‌ بۆ خزمه‌تی هاووڵاتییان و رووبه‌رووبونه‌وه‌ی ته‌حه‌دییاته‌كان، به‌تایبه‌ت له‌م هه‌لومه‌رجه‌ ئاڵۆزه‌ی ناوچه‌كه‌ی پێدا ده‌گوزه‌رێ.
له‌ كۆتاییدا ده‌مه‌وێت بڵێم هه‌رچه‌نده‌ لێكه‌وته‌كانی ڕاپرسی له‌ ڕووی سیاسی و سه‌ربازی و ئابووری و گه‌مارۆدانى كوردستان كه‌منه‌بوون و تائێستاش كاردانه‌وه‌كان له‌شێوازی هه‌وڵی خاڵیكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم له‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه‌ ده‌ستوور و یاسابه‌ركاره‌كان پێیبه‌خشیون به‌رده‌وامن، به‌ڵام دواجار بژارده‌ی گه‌لان له‌ بڕیاردان له‌ چاره‌نووسی خۆیان به‌و ئامڕازه‌ی كه‌ خۆیان هه‌ڵیده‌بژێرن مافێكی سروشتییه‌و پیاده‌كردنیشی پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوورو ڕێساكانی په‌یماننامه‌و رێككه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان نییه‌.
خوای گه‌وره‌ هه‌رێمه‌كه‌مان پارێزراو و گه‌له‌كه‌مان ئاسووده‌ بكات، دامه‌زراوه‌كانیشمان ڕاوه‌ستاو بكات بۆ خزمه‌تكردنی میلله‌ته‌كه‌مان.