ده‌قی وتارى سه‌رۆكی په‌رله‌مان له دانیشتنی كردنه‌وه‌ى خولی پایزه
له‌دانیشتنی كردنه‌وه‌ى خولی پایزه كه ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه 2019/9/1 سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆ به‌ڕێوه‌چوو، د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌و بۆنه‌یه‌وه وتارێكی پێشكه‌شكرد كه ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
ئه‌ندامانی به‌ڕێزی په‌رله‌مان....
هاووڵاتییانی ئازیزی هه‌رێمی كوردستان..
ئه‌مڕۆ 1-9-2019، خولی پایزه‌ی گرێدان له‌ساڵی یه‌كه‌می خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژارنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ستپێده‌كات و متمانه‌به‌خشین به‌كابینه‌ی نۆهه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له 10-7-2019 خاڵی جه‌وهه‌ری و جیاكه‌ره‌وه‌ی ئه‌م وه‌رزه ده‌بێت له وه‌رزی یاسادانانی یه‌كه‌م، چونكه له ڕووه‌كانی یاسادانان و چاودێری و به‌دواداچوونی ئاماده‌كارییه‌كانی بودجه‌ی گشتیی هه‌رێم ئه‌ركی ڕاسته‌قینه‌و جیاواز ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران، بۆیه گرنگه ڕوانگه‌ی ته‌شریعیی ڕوونمان بۆ وه‌رزه‌كه هه‌بێت و ئه‌ركی چاودێریكردنی حكومه‌تیش هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌ركی یاسادانان له‌چوارچێوه‌ی یاسا‌و په‌یڕه‌وی ناوخۆ نادیده نه‌گرین، چونكه ئه‌م دوو ئه‌ركه یه‌كتر ته‌واو ده‌كه‌ن و بایه‌خ و ئه‌رزشی یه‌كتر ڕه‌نگڕێژ ده‌كه‌ن.
ئه‌ندامانی به‌ڕێزی په‌رله‌مان...
به‌گشتی پێش خستنه‌ڕووی پلان و ڕوانگه‌مان بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ی یاسادانان به‌گرنگی ده‌زانین له‌چاره‌نووسی ئه‌و پێشنیازه‌یاساو بڕیارانه‌ی كه له‌وه‌رزی پێشوو ئاراسته‌ی په‌رله‌مان كراون ئاگادارتان بكه‌ینه‌وه بۆئه‌وه‌ی پلانی داهاتوومان به‌ر مه‌بنای ئه‌وه بێت كه پێشتر كراوه.
كۆی گشتی (34) پێشنیازه‌یاساو بڕیار ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كراوه‌و ئه‌وانیش به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه:-
یه‌كه‌م:- (3) پێشنیازه‌یاساو بڕیار په‌سند كراون.
دووه‌م:-(14) پێشنیازه‌یاساو بڕیار ئاڕاسته‌ی حكومه‌ت كراوه بۆ ڕه‌زامه‌ندی دان له‌سه‌ر بارگرانیی داراییان بۆئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بۆ بكرێت ئاماژه به(بڕگه‌ی چواره‌م/79)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ.
سێهه‌م:- (2) پێشنیازه‌یاسا مه‌رجی ڕواڵه‌تی پێشنیازه‌یاسای تێدا نه‌بووه‌و ئاڕاسته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه كراونه‌ته‌وه كه واژۆیان كردووه بۆ چاككردن ئاماژه به(بڕگه‌ی سێیه‌م/88)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ.
چواره‌م:- (1) پێشنیازه‌یاسا ئاراسته‌ی حكومه‌ت كراوه بۆ ئاماده‌بوون له كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند ئاماژه به (بڕگه‌ی یه‌كه‌م /42)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ.
پێنجه‌م:- (6)پێشنیازه‌یاساو بڕیار ئاماده‌كراون بۆ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م له كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و لیژنه‌ی یاسایی به‌پێی مادده‌ی (79)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ.
شه‌شه‌م:- (2)پێشنیازه‌یاسا كه به‌زمانی عه‌ره‌بی پێشكه‌ش كراون، ئاڕاسته‌ی كاروباری په‌رله‌مان كراونه‌ته‌وه بۆئه‌وه‌ی وه‌ربگێڕدرێنه سه‌ر زمانی كوردی، به‌ر مه‌بنای حوكمه‌كانی یاسای زمانه فه‌رمییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان ژماره (6)ی ساڵی 2014.
حه‌وته‌م:-(1) پێشنیازه‌یاسا ڕه‌تكراوه‌ته‌وه له‌لایه‌ن لیژنه‌ی یاسایی به‌پێی بڕگه‌ی یه‌كه‌م له مادده‌ی (80)ی په‌یره‌وی ناوخۆ.
هه‌شته‌م:- (2)پێشنیازه‌یاسا هێشتا ئاڕاسته‌ی لیژنه‌ی یاسایی نه‌كراون بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و بڕیاردان له‌سه‌ریان.
نۆیه‌م:- (1) پێشنیازه‌یاسا ئاراسته‌ی لێژنه‌ی یاسایی كراوه‌و هێشتا بۆ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی نه‌كراوه‌ته‌وه.
ده‌یه‌م:- (2) پێشنیازه‌یاسا له‌لایه‌ن ژماره‌ی یاسایی په‌رله‌مانتاران پێشكه‌ش كرابوون، به‌ڵام له‌بنه‌ڕه‌تدا حكومه‌ت له خولی چواره‌م ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی كردبوون و له‌خولی پێنجه‌م به‌نوسراوی فه‌رمی داوای گه‌ڕاندنه‌وه‌یانی كردبوو بۆیه په‌رله‌مان ئاراسته‌ی حكومه‌تی كردنه‌وه.
ئامانجیشمان له‌خستنه‌ڕووی ئه‌م پۆلێنكارییه ئه‌وه‌یه به ڕای گشتی و به‌ڕێزتانی ڕابگه‌یه‌نین كه به‌چاوی بایه‌خه‌وه له‌پێشنیازی پێشكه‌شكراوی په‌رله‌مانتاران ده‌ڕوانین و خۆمان پابه‌ندی حوكمه‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆ كردووه له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پێشنیازی یاسا‌و بڕیاره‌كان و له پشووی وه‌رزی یاسادانان زیاتر له جارێك لیژنه‌ی كاروباری یاسایی و لیژنه تایبه‌تمه‌نده‌كان و سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه‌و هاوئاهه‌نگیمان كردووه بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی پێشنیازهیاساكان، ئێستاش پێشبینیمان ئه‌وه‌یه كه فراكسێۆنه‌كان و په‌رله‌مانتاران بۆشایی یاسایی و كه‌موكورتیی یاسابه‌ركاره‌كان و پێداویستیی قۆناغه‌كه به ئاراسته‌ی خزمه‌تی زیاتری كوردستانیان بكه‌نه بنه‌مای پێشكه‌شكردنی پێشنیازه‌یاسای دیكه.
په‌رله‌مانتارانی به‌ڕێز...
وه‌ك سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان پلانمان داناوه كه له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێك كاره‌كانمان ئاراسته بكه‌ین و له‌م خاڵانه‌دا چڕیان ده‌كه‌ینه‌وه:-
یه‌كه‌م/ سه‌رباری كاركردنمان بۆ هاوئاهه‌نگی و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ته‌واوی فراكسێۆنه كوردستانییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له هه‌وڵی سیاسی و به‌كارهێنانی مافه ده‌ستووری و یاساییه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین، له‌لایه‌ك بۆ به‌رگرتن به په‌سه‌ندكردنی ئه‌و پێشنیازه‌یاسایانه‌ی كه دژ به ڕێسا ده‌ستوورییه‌كان و بنه‌ماكانی سیستمی فیدراڵین وه‌ك (پرۆژه یاسای خزمه‌تی شارستانی)و هاوشێوه‌كانی، له‌لایه‌كیش له دادگای ئیتیحادی تانه له‌و یاسایانه ده‌ده‌ین كه دژ به‌و ڕێسا‌و بنه‌مایانه به ئاراسته‌ی سڕینه‌وه‌ی یان كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراوه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم تێپه‌ڕێنراون وه‌ك یاسای (كارگێڕی دارایی فیدراڵی) كه له ساڵی 2019 په‌سه‌ندكراوه..
دووه‌م:- په‌رله‌مانی كوردستان هاوكات له‌گه‌ڵ هاندانی گشت لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ یه‌كڕیزی و هاوئاهه‌نگی له‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی كه‌ركوك و ته‌واوی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و هاندانیان بۆ ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان و پرۆسه‌ی سه‌رژمێریی گشتیی بڕیارلێدراو له‌لایه‌نی حكومه‌تی ناوه‌ندی، پشتیوانی سیاسیی خۆی بۆ بژارده‌ی گفتوگۆ له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵی به ئاراسته‌ی دانوستانی هاوسه‌نگ و چاره‌سه‌ری لۆژیكی كێشه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستانیان و فه‌راهه‌مكردنی سه‌قامگیریی سیاسی و ئابووری ڕاده‌گه‌یه‌نێت.
سێهه‌م/ به‌مه‌به‌ستی ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌ی سیاسی له‌بار و ژینگه‌یه‌كی ته‌ندروست بۆ كاراكردنه‌وه‌ی لیژنه‌ی ئاماده‌كردنی ده‌ستوور بۆ ڕاپرسی، ده‌ستمان به‌سه‌ردانی حیزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كردووه، به‌رده‌وام ده‌بین به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی جۆرێك له كۆده‌نگی سیاسی و نیشتیمانی سه‌باره‌ت به پرۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان كه دواجار ده‌بێته سایه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی گشت جیاوازییه‌كان و پارێزه‌ری ماف و ئازادییه گشتییه‌كان و ده‌بێت فه‌راهه‌می ڕه‌زامه‌ندیی جۆرێك له كۆده‌نگی پێشوه‌خته‌ی بۆ بكه‌ین.
چواره‌م:- كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كارنامه‌یه‌كی ڕاگه‌یه‌نراوی هه‌یه كه له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان خراوه‌ته‌ڕوو، جێبه‌جێكردنی ئه‌و كارنامهیهش زه‌مینه‌ی ته‌شریعی له‌باری ده‌وێت كه خۆی له نزیكه‌ی 14-16 پرۆژهیاساو بڕیاردا دهبیننَتهوه، له‌هه‌ره گرنگترینیان پرۆژه‌یاسای چاكسازییه له بواری خه‌رجی و داهات و وه‌زیفه‌ی گشتی و خانه‌نشینی، چاكسازی له‌كه‌رتی ته‌ندروستی و ده‌رمان و خۆراك له ڕێگه‌ی پرۆژه‌یاساكانی (دامه‌زراوه‌ی نیشتیمانیی ده‌رمان و خۆراك، پاراستنی مافی نه‌خۆش، پارێزبه‌ندیی پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی)، پرۆژه‌یاسای (پاراستنی سه‌رچاوه‌كانی ئاو له هه‌رێمی كوردستان)، پرۆژه یاسای (هه‌مواری یاسای وه‌به‌رهێنان)، پرۆژه‌یاسای (بیمه‌ی كشتوكاڵی)، (پرۆژه‌یاسای كار و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ كرێكارانی كه‌رتی تایبه‌ت)،(پرۆژه یاسای سیستمی بانكی هاوچه‌رخ)و هتد...
بۆیه له‌و ڕوانگه‌یه‌ی كه په‌رله‌مان به‌رپرسه له ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌ی ته‌شریعی بۆ به‌ئامانج گه‌یاندنی كارنامه‌كه وه‌ك خۆی كه‌دواجار كارنامه‌ی زۆرینه‌یه‌كی ڕه‌های په‌رله‌مانییه و هاوكات لۆژیك ئه‌وه‌یه كه ته‌رجه‌مه‌كردنی هێڵه گشتییه‌كان بۆ یاسا پرۆسه‌ی چاودێریكردنیش له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه ئاسانتر ده‌كات به‌ر مه‌بنای خۆپابهندكردنی پێشوه‌خته‌ی حكومه‌ت به‌و پرۆژه‌یاسایانه‌ی كه ده‌یانێرێته په‌رله‌مان و لێره دوای ده‌وڵه‌مه‌ندكردنیان بهتێبینییهكانی په‌رله‌مانتاران په‌سه‌ند ده‌كرێن، به فه‌رمی داوا له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین هه‌رچی زووتره ئه‌و پڕۆژانه بنێرێته په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ ئه‌وله‌ویه‌تییان له وه‌رزی ته‌شریعی نوێ‌دا پێ بده‌ین.
پێنجه‌م/ له‌به‌ر ڕۆشنایی یاسابهركارهكانی هه‌رێم و په‌یڕه‌وی ناوخۆ، یه‌كێكی تر له ئه‌ركه‌كانی په‌رله‌مان په‌سه‌ندكردنی یاسای بودجه‌ی گشتییه، كه له‌هه‌مان كاتدا یه‌كێكیشه له پابه‌ندییه‌كانی حكومه‌ت، بۆیه پێشبینیمان ئه‌وه‌یه كابینه‌ی نۆهه‌م هه‌رچی زووتره كار بۆ ئاماده‌كردنی بودجه‌ی گشتیی هه‌رێمی كوردستان بكات و ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێت بۆ په‌سه‌ندكردن، به‌تایبه‌ت كه دواینحار بودجه‌ی تێدا په‌سه‌ند كراوه ساڵی 2013 بووه‌و دوای ئه‌و به‌رواره خه‌رجی و داهات به‌شێوه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه.
شه‌شه‌م:- له‌به‌ر ڕۆشنایی یاسابه‌ركاره‌كان و په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌ندامانی به‌ڕێزی په‌رله‌مان ده‌سه‌ڵاتی پێشكه‌شكردنی پێشنیازی یاسا‌و بڕیاریان هه‌یه‌و به‌حوكمی به‌ركه‌وتنی ڕۆژانه‌یان له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كان و هاووڵاتییانی كوردستان و دۆزی كه‌رته جیاوازه‌كان له‌هه‌موو كه‌س باشتر ده‌زانن پێداویستییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی سیستمی ته‌شریعییه‌وه چیه و كه‌ماسی و كه‌موكوڕیی یاسا به‌ركاره‌كانیش چین، بۆیه داوا ده‌كه‌ین خاڵی هاوبه‌شى نێو كارنامهكانتان بدۆزنه‌وه‌و بۆ كامڵكردنی سیستمی ته‌شریعی نه‌خه‌مڵیوی هه‌رێمه‌كه‌مان له بواره ژیارییه زیندووهكان و هه‌مواركردنی یاسا به‌ركاره‌كان، هاوئاهه‌نگی بكه‌ن به‌تایبه‌ت له بواری ڕێكخستنی ده‌روازه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، لامه‌ركه‌زیه‌تی كارگێڕی و دارایی، فره‌كردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات، په‌ره‌پێدانی كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و بازرگانی و گه‌شتوگوزار، فه‌راهه‌مكردنی هه‌لی كار بۆ گه‌نجان و ده‌رچووانی زانكۆكان، پاراستنی ژینگه‌ی كوردستان، قه‌ده‌غه‌كردنی بازرگانیكردن و به‌كارهێنانی ماده‌هۆشبه‌ره‌كان به یاسایه‌كی تایبه‌ت و هه‌ر بوارێكی تر كه به گرنگی ده‌زانن...
له كۆتاییشدا داواكارین گشت په‌رله‌مانتاران و فراكسیۆنه‌كان هاوكار و هاوئاهه‌نگ بن بۆئه‌وه‌ى له‌م خوله‌ى گرێداندا په‌رله‌مانى كوردستان بكه‌ینه خاوه‌نى یاسایه‌كى سه‌ربه‌خۆ به‌ناوى (یاساى ئه‌رك و پێكهاته‌ى په‌رله‌مانى كوردستان) بۆ ڕێكخستنى ده‌سه‌لات و به‌رپرسیارێتى و پێكهاته‌و كاروباره‌كانى په‌رله‌مان له‌به‌ر ڕۆشنایی پره‌نسیپى جیاكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌لاته‌كان و تایبه‌تمه‌ندیى ده‌سه‌لاتى یاسادانان .
زۆر سوپاس و هه‌ر سه‌ركه‌وتوو بن...