دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان سەردانی ئەنجوومەنی گەلی کلدانی سریانی ئاشووری دەکات
پاشنیوەرۆی ئەمرۆ ١٥/٩/٢٠١٩ د. رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و منی نبی قهوەچی سکرتێری پەرلەمان سەردانی ئەنجوومەنی گەلی کلدانی سریانی ئاشوورییان کرد و لەلایەن مامۆستا جەمیل زەیتۆ سکرتێری حیزبەکە و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پێشوازییان لێکرا.
مەبەستی سەردانەکەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی کۆدەنگییە لە نێوان سەرجەم لایەن و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی نوسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان و پرۆژەی چاکسازی و پاراستنی مافی پێکهاتەکان و گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر مافی پێکهاتەکانی کوردستان و دڵنیاییان لە دەستەبەرکردنی مافەکانیان لە دەستووری هەرێمی کوردستان کرایەوە، هاوکات جەختیان لەسەر پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە .
لەلایەن خۆیانەوە سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئەنجوومەنی گەلی کلدانی سریانی ئاشووری پاڵپشتی خۆیان لەو هەنگاوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان دەربری لە بوونی دەستوورێکی هاوچەرخ بۆ هەرێمی کوردستان کە تیایدا ئەرک و مافەکان دیاری کرا بێت و یاداشتێکیشیان سەبارەت پاراستنی زیاتری مافاکانیان لە دەستووری داهاتووی هەرێمی کوردستان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد .