دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان سەردانی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان دەکات
لە چوارچێوهی سهردانهكانی و كۆبوونهوهى لهگهڵ حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەمەبەستی دروستکردنی کۆدەنگی لەسەر مەسەلەی نوسینەوەی دەستوور و کۆمەڵیک پرسی چارەنووسساز، پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ ١١/٩/٢٠١٩، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی د.رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و منی نبی قههوەچی سکرتێری پەرلەمان سەردانی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانیان کردو لەلایەن مامۆستا عهلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و ژمارهیهك لە ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو حزبە پێشوازییان لێکرا.
لە کۆبوونەوەیهکدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان پەیامی پەرلەمانیان گەیاندە کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان سهبارهت به کاری پێکەوەیی و سەقامگیری لە پەرلەمانی کوردستان و زەمینەسازیی سیاسی و یاسایی بۆ نوسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان لەم خولەی پەرلەمان و پڕۆژەی چاکسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستان لەو دانوستاندنانەی کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ئەنجام دەدرێت، هاوکات داوایانکرد سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەیەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانى عێراق بکەن.
لەلایەن خۆیانەوە ئهمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و ئهندامانی سهركردایهتیی ئهو حزبه خۆشحاڵیی خۆیان بهو هەنگاوە گرنگەی پەرلەمانی کوردستان بۆ لای حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان نیشاندا و ههروهها پشتیوانیی تەواوی خۆشیان بۆ پەرلەمانی کوردستان دهربڕی لەدانانی ئەو ئەولەویەتانەو ئامادەییشیان بۆ پشتیوانیکردن لە پرۆسهی چاکسازی و نوسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەربڕی، هاوڕاشبوون لەوەی یەکڕیزی بپارێزن و چارەسەرکردنی کێشەکان و پرسە نیشتیمانییەکان لەسەرووی بەرژەوەندییە حزبییەکان بێت.