Skip to the content
Menu

دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان سەردانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانی کرد

لە درێژەی دیدار و سەردانەکانیان بۆ لای بەشێک لە حزب و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان پاش نیوەرۆی ئەمرۆ ٩-٩-٢٠١٩ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی دروستکردنی کۆدەنگی  لەسەر کۆمەڵێك بابەتی چارەنوسساز لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی د. رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ،هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و منی نبی قهوەچی سکرتێری پەرلەمان  سەردانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیان لە شاری سلێمانی کرد و لەلایەن صلاح الدین محمد بهاءالدین ئەمینداری گشتی و ژمارەیەک لە سەرکردە باڵاکانی حیزبەکە پێشوازییان لێکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان پەیامی پەرلەمانی کوردستانیان گەیاندە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کە خۆی لە کاری پێکەوەیی و سەقامگیری پەرلەمانی کوردستان و بوونی سیاسەتێکی تەشریعی روون بۆ کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، هەروەها زەمینەسازی سیاسی و یاسایی بۆ نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان لەم خولەی پەرلەمان دەبینییەوە ، هاوکات داوایان کرد پشتیوانی پرۆژەی چاکسازی حکومەتی هەرێم  و پاڵپشتی پەرلەمانی کوردستان بکەن لە پاڵپشتی کردنیان لە سیاسەتەکانی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەنجامدانی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا بۆ بەدەست هێنانی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها هەماهەنگی زیاتر فەراهەم بکرێت لە نێوان پەرلەمانی کوردستان و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ،وهانی لایەنە سیاسیەکان بدرێت بۆ ئەوەی بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا بکەن .

لەلایەن خۆیانەوە ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و سەرکردە باڵاکانی حیزبەکە پیرۆزباییان لە دەستەی نوێی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد و دەست خۆشییان لێکردن بۆ ئەم هەنگاوە گرنگانە و پشتیوانی تەواویشیان لە پەرلەمانی کوردستان کرد ،هاوکات پشتیوانی خۆیان بۆ پرۆژەی چاکسازی و نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەربڕی ، و هاوراشبوون لەوەی پرسە نیشتیمانییەکان پێویستە  لەسەرووی بەرژەوەندییە حزبییەکان بێت .