Skip to the content
Menu

دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان سەردانی هاوپەیمانییەتی یەکێتی نەتەوەیی کریستیانەکان کرد

لەمیانەی سەردانیکردنیان بۆ لای سەرجەم لایەنە سیاسی و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، پاشنیوەرۆی ئەمرۆ ١٥/٩/٢٠١٩ د. رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و منی نبی قهوەچی سکرتێری پەرلەمان، سەردانی هاوپەیمانییەتی یەکێتی نەتەوەییان لە شارۆچکەی عەنکاوە کرد کە پێکهاتووە لە سێ هێزی سیاسی کریستیان ، حیزبی بێت نەهرێنی دیموکراتی و ئەنجوومەنی نەتەوەیی کلدانی و رەوتی شلاما بۆ کاروباری مەسیحیەکان .

لە کۆبوونەوەیەکدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان جەختیان لەسەر بەدەستهێنانی پاڵپشتی سەرجەم لایەنە سیاسی و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە، لە پاڵپشتیان لە هەنگاوەکانی پەرلەمانی کوردستان لە نووسینەوەی دەستوورێک کە مافی سەرجەم پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا پاررێزراو بێت، هاوکات پرۆژەی چاکسازی و گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا وبودجەی هەرێمی کوردستان و یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان بەشێکیتری تری گفتوگۆکانیان بوو، لەلایەکیترەوە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان هاوخەمی خۆیان دەربری بۆ یادی ٥٠ ساڵەی کوشتارگەی صوریا کە تێیدا دەیان هاوڵاتی لە پێکهاتەکانی مەسیحی و موسڵمان لەسەر دەستی رژێمی بەعس بەبێ تاوان بوونە قوربانی.

لەبەرامبەردا هاوپەیمانییەتی یەکێتی نەتەوەیی کریستیانەکان پاڵپشتی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی پەرلەمانی کوردستان خستەروو، بۆ نووسینەوەی دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی چاکسازی و جەختیان لەسەر هاوئاهەنگی کردەوە لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان و پشتگیری خۆیان بۆ زەمینە سازییە یاساییەکانی پەرلەمان بۆ پرۆژەی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە .

شایانی باسە هاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی کریستیانەکان لە سێ حیزبی سیاسی لە نەتەوەکانی کلدانی، سریانی، ئاشوری پێکهاتوون و لە کۆی پێنج ئەندامی کۆتا ، سێ پەرلەمانتار نوێنەرایەتی ئەو هاوپەیمانیەتییە دەکات لە پەرلەمانی کوردستان و لە ئێستادا ئانۆ جەوهەر عبدۆکا سەرۆکی هاوپەیمانەتییەکەیە و رۆمیۆ هەکاری سەرۆکی کوتلەکەیانە لە پەرلەمانی کوردستان.