Skip to the content
Menu

دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان سەردانی بزووتنەوەی ئاشووری کرد

پاشنیوەرۆی ئەمرۆ ١٥/٩/٢٠١٩ د. رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ومنی نبی قهوەچی سکرتێری پەرلەمانی لە درێژەی سەردانەکانیان بۆ لای پێکهاتە و لایەنەسیاسیەکانی کوردستان بە مەبەستی بە دەستهێنانی کۆدەنگی لەسەر نوسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان و پرۆژەی چاکسازی و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەردانی بزووتنەوەی ئاشووری کرد و لەلایەن یەعقوب گۆرگیس جێگری سکرتێری گشتی حیزبەکە و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی پێشوازییان لێکرا.

 لە کۆبوونەوەیەکدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان جەختیان لە بەدەست هێنانی پاڵپشتی سەرجەم پێکهاتە و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە لەسەر نووسینەوەی دەستوور و پرۆژەی چاکسازی و پاڵپشتی لە ستراتیژییەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغدا و مافەکانی هەرێمی کوردستان بە پیێ دەستووری عێراقی فیدراڵ، هاوکات جەختیان لە پاراستنی مافەکانی سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان کردەوە لە دەستووری هەرێمی کوردستان.

لەلایەن خۆیانەوە جێگری سکرتێری گشتی بزووتنەوەی ئاشووری و ئەندامانی سەرکردایەتی حیزبەکە پاڵپشتی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی پەرلەمانی کوردستان دەربڕی بەمەبەستی دروستکردنی کۆدەنگی لەسەر سەرجەم پرسە چارەنووسسازەکانی هەرێمی کوردستان.