Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق كرد

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2ی ئه‌یلولى 2019، د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیی له‌ جۆن ویلیكس باڵیوزی به‌ریتانیا و جه‌یمس سۆرۆنتن كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر كرد.
له‌دیدارێكدا جۆن ویلیكس باڵیوزی به‌ریتانیا له‌ عێراق وێڕای پیرۆزباییكردن له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ پۆسته‌كه‌ى، ئاماژه‌ی به‌ یه‌كسانیی جێنده‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان كردو هیواشی خواست گرنگیی زیاتر به‌ژنان و ئافره‌تان بدرێت بۆئه‌وه‌ی به‌شدارییه‌كی كارایان هه‌بێ له‌ كایه‌كانی حكومڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، هه‌روه‌ها باسی له‌ هه‌وڵه‌كانی باڵیۆزخانه‌ی به‌ریتانیا له‌ عێراق كرد بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ هاتنی شاندی سیاسه‌تمه‌داران و په‌رله‌مانتارانی به‌ریتانیا بۆ په‌رله‌مانی كوردستان به‌مه‌به‌ستی زیاتر به‌ره‌وپێشچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا.
لای خۆیه‌وه‌ د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وێڕای به‌خێرهێنانی شاندى میوان، تیشكی خسته‌سه‌ر كارو به‌رنامه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ وه‌رزی نوێدا له‌سه‌ر بنه‌مای كارنامه‌ی فراكیسۆنه‌كان و كارنامه‌ی حكومه‌ت بۆئه‌وه‌ی زه‌مینه‌سازیی یاسایی بۆ بكرێت و رایگه‌یاند: "كاری له‌پێشینه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بریتی ده‌بێت له‌ كاراكردنه‌وه‌ی لیژنه‌ی ده‌ستووری بۆئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ خاوه‌ن ده‌ستوورێكی هاوچه‌رخ و هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی چاكسازییه‌كی گشتگیر به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گشت سێكته‌ره‌كاندا".
گووتیشی: "به‌مه‌به‌ستی ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌یه‌كی سیاسیی له‌بار و ژینگه‌یه‌كی ته‌ندروست بۆ كاراكردنه‌وه‌ی لیژنه‌ی ئاماده‌كردنی ده‌ستوور بۆ ڕاپرسی ده‌ستمان به‌سه‌ردانی حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و به‌رده‌وام ده‌بین بۆ دروستكردنی جۆرێك له‌ كۆده‌نگیی سیاسی و نیشتیمانی سه‌باره‌ت به‌پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان كه‌ دواجار ده‌بێته‌ مایه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی گشت جیاوازیه‌كان و پارێزه‌ری ماف و ئازادییه‌ گشتیه‌كان و ده‌بێت فه‌راهه‌می ڕه‌زامه‌ندیی جۆرێك له‌ كۆده‌نگیی پێشوه‌خته‌ی بۆ بكه‌ین".
سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌ت و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: "له‌ ئیستادا په‌یوه‌ندییه‌كان زۆرباشه‌و به‌ره‌و پێش چووه‌و په‌رله‌مانی كوردستان پشتگیری و پشتیوانیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات بۆ دیالۆگ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان، سه‌رباری كاركردنمان بۆ هاوئاهه‌نگی و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ته‌واوی فراكسێۆنه‌ كوردستانییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ هه‌وڵی سیاسی و به‌كارهێنانی مافه‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین له‌لایه‌ك بۆ به‌رگرتن به‌ په‌سه‌ندكردنی ئه‌و پێشنیازه‌ یاسایانه‌ی كه‌ دژ به‌ ڕێسا ده‌ستوورییه‌كان و بنه‌ماكانی سیستمی فیدراڵین وه‌ك (پڕۆژه‌ یاسای خزمه‌تی شارستانی)و هاوشێوه‌كانی له‌لایه‌كیش له‌ دادگای ئیتیحادی تانه‌ له‌و یاسایانه‌ ده‌ده‌ین كه‌ دژ به‌و ڕێساو بنه‌مایانه‌ به‌ ئاراسته‌ی سڕینه‌وه‌ی یان كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم تێپه‌ڕێنراون وه‌ك یاسای (كارگێڕی دارایی فیدراڵی) كه‌ له‌ ساڵی 2019 په‌سه‌ندكراوه‌".
له‌كۆتاییدا جۆن ویلیكس باڵیوزی به‌ریتانیا له‌ عێراق پاڵپشتیی خۆی بۆ ئه‌نجامدانى چاكسازی و دیالۆگ له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق دووپاتكرده‌وه‌.