Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ كونسوڵی گشتیی كۆریای باشوور له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 3ی ئه‌یلول 2019 د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیی له‌ چۆی كوانژین كونسوڵی گشتیی كۆریای باشوور له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌دیدارێكدا د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌وردی رێكار و هه‌نگاوه‌ یاساییه‌كانی په‌رله‌مانى بۆ وه‌رزی نوێ له‌ رووی زه‌مینه‌سازیی یاسایی بۆ كارنامه‌ی حكومه‌ت و ئه‌نجامدانی چاكسازییه‌كی گشتگیر له‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كاندا به‌تایبه‌تی له‌رووی كارگێری و دارایی و داهات به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌گرنگیی كارى وه‌به‌رهێنان له‌هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ بووژانه‌وه‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى زیاترى هه‌رێمی كوردستان و رایگه‌یاند: "پشتیوانیی كۆمپانیا بیانییه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ بێن له‌ هه‌رێمی كوردستان كاری وه‌به‌رهێنان ئه‌نجام بده‌ن تاكو وڵاته‌كه‌مان زیاتر به‌ره‌و پێش بچێت له‌رووی ئابووری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و په‌رله‌مانی كوردستانیش ئاماده‌یه‌ ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ له‌و بواره‌دا پێویستییان به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌مواریان بكالته‌وه‌ به‌جۆرێك كه‌ سوود به‌هه‌ردوولا بگه‌یه‌نێ و داواشی له‌ كونسوڵی گشتیی كۆریای باشوور كرد كه‌ هانى كۆمپانیاكانی وڵاته‌كه‌یان بدات بۆ راكێشانیان بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانى كارى وه‌به‌رهێنان.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی عێراق و ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌رده‌چێت تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و رایگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان پشتیوانی له‌ له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات بۆ دیالۆگ و دانوستاندن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا، هه‌روه‌ها به‌وردی چاودێریی ئه‌و یاسایانه‌ ده‌كه‌ین و به‌دواداچوونى یاسایی بۆ ده‌كه‌ین و هه‌ر یاسایه‌ك دژی ده‌ستووری عێراق بێت له‌ دژی پره‌نسیپى یاسایی و ده‌ستووری بێت هه‌ڵویستی یاسایی به‌رامبه‌ر ده‌گرینه‌ به‌ر.
لای خۆیه‌وه‌ چۆی كوانژین كونسوڵی گشتیی كۆریای باشوور له‌ هه‌رێمی كوردستان خۆشحاڵیی خۆی به‌ هه‌نگاوه‌كانى په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌رنامه‌ى كارى په‌رله‌مان و حكومه‌ت بۆ ئه‌نجامدانى چاكسازى ده‌ربڕی و جه‌ختی له‌سه‌ر پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆریای باشوور كرده‌وه‌و پشتیوانیی خۆشی بۆ دیالۆگ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوری عێراق ده‌ربڕی.