Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ كونسوڵی گشتیی كۆمارى ئه‌ڵمانیای فیدرال له‌ هه‌ولێر كرد

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 18/9/2019 د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیی له‌ باربارا وۆلف كۆنسوڵی گشتیی كۆماری ئه‌ڵمانیای فیدراڵ له‌ هه‌ولێر كرد.
له‌ده‌سپێكی دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان سوپاسی پشتیوانی و هاوكارییه‌كانی ئه‌ڵمانیای كرد كه‌پێشكه‌شی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا، به‌تایبه‌تیش هاوكاریكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له‌جه‌نگی دژ به‌تیرۆریستانی داعش له‌ڕووی مادی و لۆجستی و راهێنانی هێزه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی توانا سه‌ربازییه‌كانی پێشمه‌رگه‌.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌دیداره‌كه‌دا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ بۆ ئه‌نجامدانی وه‌به‌رهێنان و دۆزینه‌وه‌و به‌كارخستنی سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان به‌وپێیه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌چه‌ندین جۆری سامانی سروشتی و كه‌ره‌سته‌ی خاو و كانزاكان و ژینگه‌یه‌كی له‌باریشه‌ بۆ وه‌به‌رهێنان له‌بواری گه‌شتوگوزاردا، ئه‌مه‌ش هۆكارێكی باشه‌ بۆ راكێشانی وه‌به‌رهێنه‌ران بۆ بووژانه‌وه‌ی بازاڕ و به‌هێزكردنی ژێرخانی ئابووری و زیادكردنی رێژه‌ی هه‌لی كار بۆ گه‌نجان.
سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی وڵاتی ئه‌ڵمانیا شاره‌زایی و ئه‌زموونی ده‌وڵه‌مه‌ندییان له‌ئابووری و بنیادنانه‌وه‌ هه‌یه‌و یه‌كێكه‌ له‌ده‌وڵه‌ته‌ پیشه‌سازییه‌ به‌هێزه‌كانی جیهان، هیوای خواست كۆمپانیاو وه‌به‌رهێنه‌ره‌ ئه‌ڵمانییه‌كان بێنه‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ وه‌به‌رهێنان و په‌ره‌پێدانی كه‌رتی پیشه‌سازی و به‌گه‌ڕخستنی ده‌ستی كار.
سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غداش، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌وردی باسی له‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان و یاسای كارگێڕی دارایی و پڕۆژه‌یاسای خزمه‌تی شارستانی بۆ كونسوڵی گشتیی كۆماری ئه‌ڵمانیای فیدراڵ كرد كه‌ كێشه‌یان له‌سه‌ره‌و پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووری عیراقی فیدراڵه‌و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق نا ده‌ستوورییانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌م یاسایانه‌ كردووه‌.
له‌به‌رامبه‌ریشدا كۆنسوڵی گشتیی ئه‌ڵمانیا سوپاسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كرد بۆ ره‌خساندنی ئه‌و دیداره‌و كۆنسوڵی ئه‌ڵمانیا باسی له‌ هه‌وڵه‌كانی وڵاته‌كه‌ی كرد له‌پشتگیریكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هیوای خواست پرۆسه‌ی یه‌كخستنه‌وه‌ی ته‌واوی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌خێرایی به‌ڕێوه‌بچێت و له‌گه‌ڵ به‌غداش رێكبكه‌ون له‌سه‌ر بناغه‌ی لێكتێگه‌یشتن و سازان به‌جۆرێك له‌گه‌ڵ ده‌ستووری عێراق بگونجێت و پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان و عێراق نه‌بێت، هه‌وه‌ها پاڵپشتیی خۆشیان ده‌ربڕی بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ هاوكاریكردنی سێكته‌ره‌كانی ئابووری و سه‌ربازیدا.