Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ شاندێكی هه‌ده‌په‌ ده‌كات

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 4ی ئه‌یلول 2019، د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیی له‌ شاندێكی هه‌ده‌په‌ كرد كه‌ پێكهاتبوو له‌ سه‌میره‌ گوزال و نوران ئیمیر ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌سه‌ر فراكسیۆنی هه‌ده‌په‌ و نالان ئۆزادین هاوسه‌رۆكی شاره‌وانیی شه‌مره‌خ.
له‌دیدارێكدا شاندی هه‌ده‌په‌ وێڕای پیرۆزباییكردن له‌سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ پۆسته‌كه‌ى و ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان به‌بوونی ئافره‌تێك له‌و پۆسته‌ باڵایه‌ی هه‌رێم، ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ هه‌رێمی كوردستان روونكرده‌وه‌ كه‌ بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و یه‌كڕیزیی نه‌ته‌وه‌یی و پێكهێنانی هاوئاهه‌نگییه‌كی ژنانه‌ و هه‌روه‌ها پوخته‌یه‌كیان سه‌باره‌ت به‌ره‌وشی توركیا و دۆزی كورد له‌ توركیا خسته‌ڕوو.
لای خۆیه‌وه‌ د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی هه‌ده‌په‌ بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، پشتیوانی و هاوسۆزیی خۆی بۆ دۆزی ره‌وای گه‌لی كورد له‌ توركیا ده‌ربری و جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له‌ پارچه‌كانى دیكه‌ی كوردستان به‌ ئاشتییانه‌ و له‌رێگه‌ی دیالۆگ و گفتوگۆوه‌ كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: "توركیا دراوسێیه‌كی گرنگی هه‌رێمی كوردستانه‌ و رۆلی ئێمه‌ش وه‌ك په‌رله‌مان له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوورى عێراق و یاسا به‌ركاره‌كان و خوێندنه‌وه‌یان بۆ واقیعی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.