شاندى پهرلهمان له بهغدا سهردانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دهكات
پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەمە ٤ی ئهیلولی۲۰۱۹، شاندی پەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، سەردانی محهمهد حهلبوسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا باس لە مادەی ۱٦ له یاسای هەڵبژاردنی ئهنجوومهنی پارێزگاکان کرا کە زیانی زۆری هەیەو بههۆیهوه هاووڵاتییەکی زۆر مافى دەنگدانیان نابێت بەتایبەت خەڵکی کەرکوک و موسڵ و شنگال، هەروەها باس لە یاسای خدمەی مەدەنی کرا کە لە ئێستادا لەبەردەستی لێژنەی داراییی پەرلەمانی عێراقە و داوایان کرد پێش ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت تێبینییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاساکەدا جێیان بکرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش نامەی د.ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکی شاندەکە پێشکەش بە حەلبوسی کراو لەلایەن حەلبوسی-یەوە نامەکە وەرگیراو ئاراستەی لیژنەی داراییی ئهنجوومهنی نوێنهران کرا.
هاوکات شاندەکەی پەرلەمانی کوردستان ڕایانگەیاند کە پەرلەمانی کوردستان پاڵپشتی لە ستراتیژیەتی حکومەتی هەرێم دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێرو بەغدا لەسەر مەسەلەی بودجەو نەوت و ناوچە کێشە لەسەرەکان بەپێی دەستووری عێراق.
لەلایەن خۆیەوە حەلبوسی وێڕای بەخێرهێنانى شاندی پەرلەمانی کوردستان بۆ بەغدا ڕایگەیاند: "هەوڵی جدی دەدهین بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان لەنێوان هەولێرو بەغدادا".