Skip to the content
Menu

شاندى په‌رله‌مان له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی پەرلەمانەکانی ئاسیا كۆبووه‌وه‌

لەدەستپێکی گەیشتنیان بۆ بەغدا لە ٣ی ئەیلوولی ٢٠١٩، شاندی پەرلەمانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان چاوی كه‌وت بە د.محه‌مه‌د رەزا مەجیدی سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی پەرلەمانەکانی ئاسیاو شاندێکی یاوەری.
لەدیدارێکدا سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی پەرلەمانەکانی ئاسیا وێڕای بەخێرهێنانی شاندی باڵای پەرلەمانی کوردستان، باسی لەسروشتی کارەکان و مێژووی دەستبەکاربوونی کۆمەڵەکەی کردو خۆشحاڵیی خۆیانی نیشاندا بەو دیدارەیان لەگەڵ شاندەکەی پەرلەمانی کوردستان و هیوای خواست زیاتر پەره‌ بە پەیوەندییەکانی نێوان هه‌ردوولا بدرێت.
لای خۆیه‌وه‌ هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کورتە باسێکی لەسەر مێژووی پەرلەمانی کوردستان و سەرجەم پێکهاتەکانی پەرلەمان خستەڕوو، هاوکات سوپاسی محه‌مه‌د حەلبوسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد بۆ ئەوبانگهێشتکردنەیان و هیوای خواست بۆ ساڵی داهاتوو ئەم کۆبووەنەوەیەی کۆمەڵەکە بهێندرێتە هەرێمی کوردستان، چونکە عێراق وڵاتێکی فیدرالییە و بەپێی دەستوور هەرێمی کوردستان پشکی پێشوازیکردنی لەمجۆرە چالاکییانە بەردەکەوێت و بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە ئەو دیموکراتی و پێکەوەژیانەی کەهەیەتی نیشانی دنیای دەرەوەی بدات.