شاندی باڵای پەرلەمانی کوردستان گەیشتە بەغدا
بەمەبەستی بەشداریکردن لەئاهەنگی دەستپێکی کۆبوونەوەی (کۆمەڵەی پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئاسیا) و لەسەر بانگهێشتی فەرمیی محهمهد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رۆژی سێشەممە ٣ی ئەیلوولی ٢٠١٩ شاندی باڵای پەرلەمانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و یاوهریی ژمارەیەک له ئهندامانى پهرلهمان لە فڕاکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو گەیشتە بەغداو لەلایەن نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و ژمارەیەک له ئهندامانى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشوازیی لێکرا.
لە دانیشتنێکدا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سوپاسی نوێنەرانی کوردستانی کرد لەبەغدا و ئاماژهی بهوهدا کە ناوچەکە بەدۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پەرلەمانی کوردستان دەخوازێ هەموو کێشەکان لهگهڵ بهغدا بەدیالۆگ چارەسەر بکرێ لەچوارچێوەی دەستووردا و ههروهها پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوان پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق بدرێت و رایگهیاند: "بۆ تێپەڕاندنی هەر یاسایەکیش پێویستە بۆچوونی پەرلەمانی کوردستان وەربیگرێت لەچوارچێوەی دەستووری عیراق و مافی خەڵکی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت، ئەو یاسایانەشی کە کاریگەریی نەرێنشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەیە تینەپەڕێندرێن، لەوانە هەردوو یاسای ئیدارەی مالی و یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان کە کاریگەریی خراپیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکان هەیە و هیوادارین هەموو کێشەکان لەچوارچێوەی دەستووری عێراق چارەسەر بکرێت و پارتە کوردستانییەکان بۆ بەرژەوەندیی خەلکی کوردستان بەیەک لیست لە ناوچە دابڕاوەکان بەشداری لە هەڵبژاردنی پارێزگاکاندا بکەن".