Skip to the content
Menu

شاندی پەرلەمانی کوردستان له‌ به‌غدا سەردانی وەزیری داراییی عێراق دەکات

لە درێژەی دیدارو بەسەرکردنەوەکانی، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٥ی ئەیلولی ۲۰۱۹، شاندی باڵای پەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان له‌ به‌غدا سەردانی د.فوئاد حوسێن وەزیری داراییی عێراقی فیدڕاڵی کرد.
له‌ دیدارێكدا سەرەتا هێمن هەورامی سەرۆکی شاندەکەی پەرلەمانی کوردستان بەکورتی باسی لەسەرجەم ئەو کۆبوونەوەو دیدارانە کرد کەشاندی باڵای پەرلەمانی کوردستان لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ محه‌مه‌د حەلبوسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و حەسەن کەعبی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هیدایەت حەلبوسی سەرۆکی لێژنەی وزەو نەوت لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بەشێک له‌ پەرلەمانتارانی کورد و شاندى پەرلەمانی ئه‌و وڵاتانه‌ى کە بە مەبەستی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئاسیا لە بەغدا بوون، سەرۆکی شاندی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: "کۆمەڵێک داواکارییان ئاراستە کردووە لەوانە چارەسەرکردنی مادەی ۱٦ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و یاسای ئیدارەی مالی و هێورکردنەوەی بارودۆخی کەرکوک و شنگال و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم"، ئەوەشی خستەڕوو پەرلەمانی کوردستان پاڵپشتیی تەواو لە ستراتیژیەت و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا لەژێر ڕۆشنایی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا، داواشیان لە وەزیری داراییی حکومەتی عێراق کرد کە پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدراڵ بۆ پاراستنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی ٢٠٢٠ دا.
لەبەرامبەدا د.فوئاد حوسێن وەزیری داراییی عێراق خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی شاندی پەرلەمان ده‌ربڕی و ئەو یەکهەڵوێستییەی لایەنەکانی پەرلەمانی کوردستانی بە گرنگ وەسفکرد بۆ لێکنزیکبوونەوە و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغداو رایگەیاند: "دانوستانەکانی نێوان هەولێرو بەغدا بەردەوام دەبێت و لەمبارەیەشەوە ده‌سپێشخه‌ریى باش و ئەرێنی هەیە، هەروەها گرنگى و رۆلی هەرێمی کوردستانی لە پرۆسەی سیاسی لە عێراقی فیدڕاڵدا خستەڕوو و رایگەیاند: "پێویستە میکانیزمێک دروست بکرێت بۆ پێکەوە کارکردنی هەردوو پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆئەوەی لەکاتی ئامادەکردنی پڕۆژەیاساکان ڕاوبۆچوون پێشنیازەکانی پەلەمانی کوردستان له‌باره‌یانه‌وه‌ وه‌بگیرێت تاكو مەترسی بۆ سەر مافەکانی هەرێمی کوردستان دروست نەبێت".