شاندی پەرلەمانی کوردستان له بهغدا لەگەڵ ليژنەی وزەو نەوت له ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق کۆبووەوە
لەدرێژەی دیدارو کۆبوونەوەکانی شاندی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ليژنە هاوتاکانیان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ لێکتێگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکان و دابینکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٠، رۆژی ٢٦ی ئەیلولی ٢٠١٩، بەڵێن ئیسماعیل سەرۆکی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەکان و پیشەسازی و بازرگانی لەپەرلەمانی کوردستان و سەرکۆ ئازاد بڕیاردەری لیژنەکەو هێڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان له بهغدا سەردانی لیژنەی نەوت و وزە-یان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کردو لەلایەن هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی لیژنە و ژمارەیەک لە ئەندامانی لیژنەکە پێشوازییان لێکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لەهۆڵی لیژنەی وزەو نەوت لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، شاندی پەرلەمانی کوردستان ئامانجی سەردانەکەیان و ستراتیژییەتی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بۆ لیژنەی وزەو نەوت لە ئەنجوومەنی نوێنەران خستەڕوو کە خۆی لە دروستکردنی پەیوەندیی بەهێز لەنێوان هەردوولاو چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکان بەڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لەچوارچێوەی دەستووری عێراقی فیداڵ دەبینییەوە، هەروەها نیازپاکیی هەرێمی کوردستانیان نیشاندا بەڕادەستکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ و لەبەرامبەردا بهغداش شایستەداراییەکان و بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرن.
ههر له كۆبوونهوهكهدا بهمهبهستی هەماهەنگیی زیاترو پتهوتركردنی پەیوەندییەکان شاندی پەرلەمانی کوردستان بەفەرمی بانگهێشتی لیژنەی وزەو نەوتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانى عێراق كرد بۆ هەرێمی کوردستان.
لەبەرامبەردا لیژنەی وزەو نەوت لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هاتنی ئەو شاندەی پەرلەمانیان بەگرنگ وەسفکرد بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و لێکتێگەیشتنی زیاتر بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکانی نێوان هەردوولا لەچوارچێوەی دەستووری عێراقی فیدراڵداو راشیانگەیاند: "لەنزیکترین دەرفەردا سەردانی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکەن". دوای كۆبوونهوهكهش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن خستەڕوو.