شاندێكی باڵای لیژنه‌ی کاروباری کومەڵایەتی و داکوکیکردن لە مافی ئافرەت و مافی مرۆڤ سه‌ردانی پارێزگای دهۆك ده‌كات
بەپێی بەرنامەیەکی داڕێژڕاوی لیژنەی کاروباری کومەڵایەتی و داکوکیکردن لە مافی ئافرەت و مافی مرۆڤ له په‌رله‌مانی كوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ۱۸ـ۹ـ۲٠۱۹، شاندێکی باڵاى لیژنەی ناوبڕاو بەسەرۆکایەتیی ڕۆمیو هەکاری سەروکی لیژنەو گوڵستان سه‌عید جێگری سه‌رۆكی لیژنەو بەدریە ئیسماعیل بڕیاردەری لیژنە و ئەندامێتیی هەریەک لە زانا مەلا خالد و مەم ئەسکەندەر و شیرین یونس و شادی نەوزاد و هیمداد صباح ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌و کامەران محه‌مه‌د ڕاوێژکاری لیژنەكه، سەرەدانی پاڕێزگای دهۆکى کرد‌و لەگەڵ َبەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کومەڵایەتیی پارێزگاكه کوبووەوە.
لە کوبوونەوهکەدا کە ستافی بەڕێوەبەرایەتیی ناوبراو لەپاڕێزگای دهۆک و قەزاکان ئامادەیبوون، باسیان لە كێشه و کەموکوڕییەکانیان کرد‌و سەرنج و تێبینی و پێشنیازی خۆشیان سه‌باره‌ت بەو یاسایانەى كه تایبەتن بەچاودێری و گەشەپێدانی کومەڵایەتی خستەڕوو ولای خۆیانه‌وه شاندی لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان به‌ڵێنی به‌دواداچوون به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه و كه‌موكوڕییه‌كانیان پێدان.
پاشان شاندی لیژنەی کاروباری کومەڵایەتی و داکوکیکردن لە مافی ئافرەت و مافی مرۆڤ سەردانی هەریەکە لەمالی داڵدەدانی ژنان، بەڕێوەبەرایەتیی تۆڕی پاراستنی کومەڵایەتی، مالی بە ساڵاچووان، خانەی بێسەرپەڕشتانی کچان و کوران)ی کرد و له‌نزیكه‌وه گوێی له كێشه‌و داواكارییه‌كانیان گرت.
دوای نیوەرۆی هەمان ڕۆژ شاندی لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان لەگەڵ ڕێکخراو و کۆمەڵەکانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و کەمئەندامان كۆبووه‌وه و لە نزیکەوە ئاگاداری كێشه‌و کەموکوڕى و داواكارییه‌کانیان بوو.
لەدووهم رۆژی سەردانەکه‌یدا بۆ پارێزگای دهۆك رۆژی پێنجشه‌مه 19/9/2019، شاندی باڵای لیژنەی كاروبارى کۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن له مافى ژنان و له مافی مرۆڤ له په‌رله‌مانى كوردستان لەگەڵ بەرێوەبەرایەتیی بەره‌نگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەت و خێزان لە دهۆک و سەرجەم نوسینگەکانی ئەو بەرێوەبەرایەتییە لە سنووری پارێزگای دهۆک کوبووەوە.
لە کوبوونەوەكهدا باس له كێشه و کەموکورییەکان کرا چه‌ندین سەرنج و تێبینی و پێشنیاز بۆ چاره‌سه‌ركردنیان خرانه‌ڕوو، پاشان شانده‌كه سەردانی هەریەکە لە چاکسازیی پیاوان و چاکسازیی ئافرەتان و مندالانى کرد‌و له‌نزیكه‌وه گوێبیستی كێشه‌و داواکاریەکانیان بوو.
دوای نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ شانده‌كه‌ی په‌رله‌مان لەگەڵ سەندیکای کرێکاران و سەرجەم سەندیکا پیشەیییهكانى پارێزگاكه‌و هەرسێ بەڕێوەبەڕایەتیی(کار، دەستەبەری کومەڵایەتی و ڕاهێنانی پیشەیی) کوبووەوە و ئەوانیش داواکاری و پێشنیازەکانی خۆیان خسته به‌رده‌م شاند باڵای لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان و لیژنه‌كه‌ش لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوش و كێشه‌و کەموکوڕییەکانیان بوو.