Skip to the content
Menu

شاندێكی لیژنه‌ی كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌ مافى ئافره‌ت و له‌ مافى مرۆڤ سه‌ردانی سلێمانی ده‌كات

رۆژی چوارشه‌مه‌ 4/9/2019، شاندێكی باڵای لیژنه‌ی كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌ مافى ئافره‌ت و له‌ مافى مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ پێكهاتبوو له‌ رۆمیۆ هه‌كارى سه‌رۆكی لیژنه‌ و گوڵستان سه‌عید جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و به‌دریه‌ ئیسماعیل بڕیارده‌رى لیژنه‌ و زانا مه‌لا خالید و مه‌م ئه‌سكه‌نده‌ر و سه‌لمه‌ فاتیح و هیمداد صباح ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌و كامه‌ران محه‌مه‌د راوێژكارى لیژنه‌كه‌، سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی چاودێریی گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تیی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی كاروكاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تیی له‌ شارى سلێمانی كردو له‌لایه‌ن عومه‌ر گوڵپى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی چاودێریی گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی پێشوازیی لێكرا.
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی تۆری پاراستنی کۆمەڵایەتی و چاودێریی کەمئەندامان و چاودێریی کۆمەڵایەتی و بەرپرسی بەشەکانی دیوان، وەک یاسادانان و پلان و چاودێریی خێزان ئاماده‌ی بوون، باس له‌ كێشه‌و گرفته‌كان و چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌چوونی ئیش و كاره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌و خزمه‌تگوزارییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و پێداویستییه‌كانی كه‌مئه‌ندامان كراو له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌كه‌وه‌ چه‌ندین تێبینی و پێشنیازى باش بۆ پێشخستنی ئیش و كاره‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و گرفته‌كان خرانه‌ به‌رده‌م لیژنه‌كه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوونیان.
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ شانده‌كه‌ى لیژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌ مافى ئافره‌ت و له‌ مافى مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ڵێنیان پێدان كه‌ به‌دواداچوونی جدى بۆ كێشه‌ و داواكارییه‌كانیان ده‌كه‌ن و ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌شى كه‌ له‌یاساكانى تایبه‌ت به‌و كه‌رته‌دا هه‌ن هه‌موار بكرێنه‌وه‌و چاره‌سه‌ر بكرێن، هه‌روه‌ها له‌كاتی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌یاسای تازه‌ش به‌و كه‌رته‌ كه‌ پێویست بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان له‌ روانگه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، پێویسته‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت هه‌نگاو بنێن به‌ ئاراسته‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواكاری و خواستی هاووڵاتییان تیایاندا.
دواتر شانده‌كه‌ى په‌رله‌مان به‌یاوه‌ریى عومەر گوڵپی به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی چاودێریی گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی، سەردانی بەڕێوه‌بەرایەتیی توندوتیژیی ئافرەتان و شەڵتەری ژنانى كرد و له‌ نزیكه‌وه‌ گوێبیستی كار و چالاكییه‌كانیان و كێشه‌و گرفته‌كانیان بوو.
هه‌ر هه‌مان رۆژ شاندی باڵای لیژنه‌ی كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌ مافى ئافره‌ت و له‌ مافى مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، سەردانی سەنتەری ئۆتیزمى كردو هەر لەبینای سەنتەری ئۆتیزم لەگەڵ ڕێکخراوەکانی خاوەن پێداویستیی تایبەت کۆبووه‌وه‌و له‌نزیكه‌وه‌ گوێبیستی كێشه‌و گرفته‌كانیان بوو.
لەدووه‌م رۆژی سەردانەکه‌یدا بۆ شارى سلێمانی رۆژی پێنجشه‌مه‌ 5/9/2019، لیژنەی كاروبارى کۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن له مافى ژنان و له‌ مافی مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان سەردانی چاکسازیی ژنان و نەوجەوانان و گەورانى کردو لەنزیکەوە ئاگاداری کێشە و گرفتەکان بوو، دواتر شانده‌كه‌ سەردانی بەڕێوبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیى کردو هەرسێ خانەی بەساڵاچووان و خانەی کوڕان و خانەی کچان و بەشی خێزانی جێگرەوەى بەسەرکردەوە.
هه‌ر به‌مه‌به‌ستی له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ ڕەوشی کرێکاران و دەستەبەری مافەکانیان، لیژنه‌كه‌ لەگەڵ هەرسێ بەرێوبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بەگەڕخستنی کار و ڕاهێنانی پیشەو سەندیکای کرێکاران لقی سلێمانی و لقی هەڵەبجە و بەشێکی زۆری سەندیکاکانی تایبەت بە کرێکاران کۆبووه‌وه‌ و لەسەر کێشە و گرفتەکان و ڕەوشی کرێکاران گفتوگۆ كرا و لیژنه‌كه‌ بەڵێنی هاوکاری و پشتیوانیی پێدان.