Skip to the content
Menu

شاندێکی پەرلەمانی بەریتانیا و نوێنەرانی سەندیکای (یونایت) سەردانی پەرلەمانی کوردستان دەکەن

هەرێمی کوردستان بە سیاسەتێکی لێهاتووانە توانی دوای قەیرانی ١٦ی ئۆکتۆبەر هەستێتەوە سەر پێ و لە ئێستادا نمونەیەکی جوانی دیموکراسی و پێکەوە ژیانە لە ناوچەکە.

پێشنیوەرۆی ئەمرۆ ١٦/٩/٢٠١٩ هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان پێشوازییان لە شاندێکی پەرلەمانی بەریتانیا بە سەرۆکایەتی ڵۆید راسل مۆیل ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا و سەندیکای (یۆنایت) کە گەورەترین سەندیکای وڵاتی بەریتانیایە کرد، کە بەمەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و پشتگیرییان لە هەرێمی کوردستان سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کردبوو .

لە کۆبوونەوەیەکدا کە ژمارەیەک لە نوێنەرانی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان ئامادەی بوون ، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وێرای بەخێرهێنانی شاندی میوان، بەوردی باسی لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و ناوچەکە وسیاسەتی تەشریعی پەرلەمانی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا کرد، هاوکات دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدای بە ئەرێنی وەسف کرد، پاشان باس لە رەوشی ئەمنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و خراپی رەوشی ئاوارەکان ومەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش لەو ناوچانە کرا ، کە لە ئێستادا بەهۆی نەبوونی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە جارێکیترخەریکن جموجۆڵ پەیدا دەکەنەوە .

لەلایەن خۆیانەوە شاندی میوان سوپاسی پەرلەمانی کوردستانیان کرد بۆ ئەم پێشوازییە و رایانگەیاند هەرێمی کوردستان توانی بە سیاسەتێکی لێهاتووانە و دبلۆماسیەتی سەرکردەکانی دوای قەیرانی ١٦ی ئۆکتۆبەر دووبارە لەسەر پێ بوەستێتەوە و لە ئێستاشدا نمونەیەکی جوانی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و دیموکراسیەتە لە عێراق و تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەراست،  هاوکات هیوایان خواست پەیوەندییەکانیان بەردەوام بێت و ئامادەیی خۆشیان بۆ پشتگیری و هاوکاری خەڵکی کوردستان دەربری.