Skip to the content
Menu

شاندێکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات

لەچوارچێوەی هەماهەنگییان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و دابینکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان لەیاسای بودجەی گشتیی عێراقی فیدراڵ، سەرلەبایەنیی رۆژى پێنجشه‌مه‌ ٢٦ی ئەیلولی ٢٠١٩، هێڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی  كاوربارى ئابوورى لە پەرلەمانی کوردستان بەیاوەریى بەڵێن ئیسماعیل سەرۆکی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەکان و سەرکۆ ئازاد بڕیاردەری هەمان لیژنە بەئامادەبوونی فارس عیسا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەغدا سەردانی لیژنەی داراییی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵیان لەبەغدا کردو لەلایەن هەیسەم جبوری سەرۆکی لیژنەی دارایی له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانی عێراق و ژمارەیەک لە ئەندامانی لیژنەکە پێشوازییان لێکرا.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە لەهۆڵی لیژنەی داراییی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو هەردوولا جەختیان لەسه‌ر چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی ماف و شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان  کرده‌وه‌ لەچوارچێوەی دەستووری عێراقی فیدراڵدا، هاوکات شاندەکەی پەرلەمانی کوردستان نیازپاکیی هەرێمی کوردستانیان خستەڕوو بۆ رادەستکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا بەکۆمپانیای سۆمۆو لەبەرامبەردا بەغداش پابەندبێت بەناردنی بودجەو شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان.

لەبەرامبەردا سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی داراییی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وێڕای بەخێرهێنانی شاندی پەرلەمانی کوردستان هاتنی ئەو شاندەیان بەهەنگاوێکی ئەرێنی وەسفکرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و هیوایان خواست لەداهاتووشدا هەماهەنگیی زیاتر لەنێوان هەردوو لیژنە له‌ پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەران هەبێت بۆ هەماهەنگیی زیاتر و لێکتێگەیشتن بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان و ئاڵوگۆڕی ئەزموون و کاری پەرلەمانی و ئاگاداربوون لەو یاسایانەی کە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەردەچن.