Skip to the content
Menu

له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌ماندا
سه‌رۆكی په‌رله‌مان: "پێشترو پاش ئه‌نجامدانی ڕاپرسیش جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر دیالۆگ و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا بژارده‌یه‌كی په‌سه‌ندكراوی گه‌له‌كه‌مان و په‌رله‌مانی كوردستانیش بووه‌"

له‌دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستان ساڵیادی دووه‌می ریفراندۆم كرایه‌وه‌و هه‌موارى یه‌كه‌می په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستانیش خوێندنه‌وه‌ى دووه‌می بۆ كرا و له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ ماده‌ به‌ماده‌ى هه‌مواره‌كه‌ گفتوگۆى له‌سه‌ر كرا.
سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 25/9/2019، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (2)ی ئاساییی خولی پایزه‌ له ‌ساڵی یه‌كه‌می‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ له‌دوو خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یه‌كه‌می تایبه‌تبوو به‌وته‌ی به‌ڕێز سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌بۆنه‌ی ساڵیادی دووه‌مى پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان (ریفراندۆم) كه‌ له‌ 25/9/2017 له‌هه‌رێمی كوردستان و سه‌رجه‌م ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم ئه‌نجامدرا، خاڵى دووه‌م و كۆتایی به‌رنامه‌ی كاریش بریتیبوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى هه‌موارى یه‌كه‌می په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.
له‌دانیشتنه‌كه‌دا كه‌ به‌ئاماده‌بوونى د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، به‌ر له‌خستنه‌رووی به‌رنامه‌ی كار له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، سكرتێری په‌رله‌مان پوخته‌ی كۆنووسى دانیشتنی پێشووی په‌رله‌مان و ناوی په‌رله‌مانتارانی ئاماده‌نه‌بوو له‌ دانیشتنی په‌رله‌مان و كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان خوێنده‌وه‌.
دواتر به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار، سه‌رۆكی په‌رله‌مان وته‌یه‌كی به‌بۆنه‌ی ساڵیادی دووه‌مى پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان (ریفراندۆم) پێشكه‌شكردو له‌سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌شیدا رایگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ دوو ساڵی ته‌واو به‌سه‌ر ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی ڕاپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆیى تێده‌په‌ڕێت، پرۆسه‌یه‌ك كه‌ له‌هه‌لومه‌رجێكی بابه‌تیی تایبه‌ت و دوای شه‌ڕی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و له‌دۆخێكی ڕاگوزه‌ری هه‌رێم و عێراق و ناوچه‌كه‌دا ئه‌نجامدراو بۆ سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان و دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم ئاسان نه‌بوو كه‌ پشتیوانیی به‌ره‌یه‌كی تۆكمه‌ له‌ئاستی هه‌رێمی و كۆمه‌ڵَگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پیاده‌كردنی ئه‌م ئیستیحقاقه‌ی گه‌له‌كه‌مان وه‌ده‌ستبهێنن، ڕه‌نگه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنیش بۆ هه‌ندێ فاكته‌ر و ئاماژه‌ی سه‌ركه‌وتن و قبوڵكردنی ئه‌نجامه‌كان و كارپێكردنیان له‌ ئاستی خواستدا نه‌بووبێت، بۆیه‌ له‌ قۆناغێكدا كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌ندێ له‌ دۆسته‌كانی میلله‌ته‌كه‌مان له‌ كاتی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌دا پشتیان لێكردین و له‌به‌رده‌م لێشاوی كاردانه‌وه‌ ناخۆیی و ئیقلیمیه‌كاندا به‌ ته‌نها به‌جێیانهێشتین".
سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: "ئه‌وكات و ئێستاش بۆچوونمان وایه‌ كه‌ مافی چاره‌ی خۆنوسین مافێكی سروشتی و ئه‌زه‌لیی هه‌ر گه‌لێكه‌ و به‌جۆرێك وابه‌سته‌ی ئیستیحقاقاتی گه‌لان كراوه‌ كه‌ له‌ پره‌نسیپێكی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ بۆ مافێكی بنه‌ڕه‌تی گۆرٍاوه‌و هه‌ردوو په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی مافه‌ سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كان و مافه‌ ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیرییه‌كان وه‌ك مافێك له‌ مافه‌كانی گه‌لان بۆ گوزارشت له‌خۆكردن ناساندوویانه‌و ڕاپرسیش یه‌كێكه‌ له‌ ئامڕازه‌كان بۆ ئه‌و گوزارشت له‌خۆكردنه‌ی گه‌لان".
له‌باره‌ی رۆڵی په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك دامه‌زراوه‌ی ده‌ستووری و شه‌رعیی گه‌لی كوردستان و سه‌رچاوه‌ی بڕیاره‌ چاره‌نووسسازه‌كان، سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌چوارچێوه‌ی وتاره‌كه‌یدا رایگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ چه‌ترى كۆكه‌ره‌وه‌ى گشت جیاوازییه‌كانه‌ له‌ 15-9-2017 به‌رمه‌بنای باوه‌ڕی ته‌واوی به‌و مافه‌ی گه‌لان و گه‌له‌كه‌مان دوای بێئومێدبوون له‌جێبه‌جێكردنی ده‌یان ماده‌ی ده‌ستووری عێراقی فیدراڵ و بنه‌ماكانی هاوسه‌نگی و شه‌راكه‌ت و سازانی نیشتیمانی و وه‌ك ته‌واوكاری بۆ بڕیاری به‌فیدراڵیكردنی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕاسپارده‌یه‌ك هه‌ڵوێستی ئه‌رێنیی خۆی سه‌باره‌ت به‌ڕاپرسی ڕاگه‌یاند".
هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "به‌ڵام به‌گشتی پێشتر و پاش ئه‌نجامدانی ڕاپرسیش جه‌خت كردنه‌وه‌ له‌سه‌ر دیالۆگ و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غداد بژارده‌یه‌كی په‌سه‌ندكراوی گه‌له‌كه‌مان و په‌رله‌مانی كوردستانیش بووه‌و دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم به‌غدایان به‌ قووڵایی ستراتیژی زانیوه‌و ده‌زانین، ئێستاش وێڕای ڕووداوه‌ نه‌خوازراوه‌كان گه‌لی كوردستان خوازیاری چاره‌سه‌ری سه‌رجه‌م گرفته‌كانییه‌تى به‌رمه‌بنای ده‌ستووری عێراقی فیدراڵ بۆئه‌وه‌ی چیتر پێشێلكاریی ده‌ستووری به‌رامبه‌ر ماف و شایسته‌ سیاسی و داراییه‌كانی هه‌رێمه‌كه‌مان نه‌كرێت.
دوای ته‌واوبوونی وتاری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، له‌لایه‌ن فراكسیۆنی زه‌رده‌وه‌ پێشنیازی ئه‌وه‌كرا رۆژی ریفراندۆم و راپرسی بكرێته‌ رۆژی نیشتیمانیی گه‌لی كوردستان و له‌زووترین كاتدا كاری بۆ بكرێت.
له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "ئه‌مجۆره‌ داواكاری و پێشنیازانه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكایه‌تی نییه‌و ده‌بێت له‌چوارچێوه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان رێككاره‌ یاساییه‌كانی بۆ بگیردرێته‌به‌رو هه‌ر فراكسیۆن و په‌رله‌مانتارێكیش ئازاده‌ له‌گرتنه‌به‌ری ئه‌و رێككارییانه‌".
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار كه‌ تایبه‌تبوو به‌ساڵیادی دووه‌مى پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان (ریفراندۆم)، به‌خوێندنی سروودی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ی ره‌قیب له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتاران و چه‌ند ساتێك وه‌ستان به‌بێده‌نگی ئه‌و یاده‌ به‌رز راگیرا.
دواتر خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ خرایه‌ڕوو، له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، لیژنه‌ی یاسایی خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى هه‌موارى یه‌كه‌می په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامدا.
سه‌ره‌تا پێشنیازی ئه‌سڵی یاساكه‌ی بۆ په‌رله‌مانتاران خوێنده‌وه‌و دواتریش راپۆرتی لیژنه‌ی یاساییش بۆ په‌رله‌مانتاران خوێندرایه‌وه‌و پێشنیاز بۆ سه‌رۆكایه‌تی كرا كه‌راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی بكرێـته‌ بنه‌مای گفتوگۆكان و ئه‌و پێشنیازه‌ش له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران (79 ده‌نگ ) په‌سندكراو راپۆرتی لیژنه‌ بووه‌ بنه‌مای سه‌ره‌كیی گفتوگۆكان.
پاشان له‌لایه‌ن لیژنه‌ی یاساییه‌وه‌و بڕگه‌و ماده‌كانی هه‌موارى یه‌كه‌می په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان به‌پێی راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی خرایه‌روو و له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانیشه‌وه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر ماده‌ به‌ماده‌ی هه‌مواره‌كه‌ به‌جیا كراو پێشنیازو تێبینییه‌كانی په‌رله‌مانتارانیش له‌لایه‌ن لیژنه‌ی یاساییه‌وه‌ تۆماركران و بڕیاریشه‌ له‌دانیشتنی داهاتوو له‌سه‌ر بنه‌مای تێبینی و پێشنیازه‌كان و دووباره‌ داڕشتنه‌وه‌یان ده‌نگدان بۆ چۆنییه‌تی هه‌مواركردنه‌كه‌ بكرێت.
به‌پێی راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی هه‌مواری یه‌كه‌می په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان پێشنیازی هه‌مواركرنه‌وه‌ی ماده‌كانی (1، 14، 19، 24، 25، 29، 42، 44، 53، 79، 91، 110) كراوه كه‌ له‌دوانزده‌ مادده‌ پێكهاتووه‌‌.
دوای ته‌واوبوونی گفتوگۆكان له‌سه‌ر مادده‌و برگه‌كانی هه‌مواری یه‌كه‌می په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: "لێره‌دا كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ دێت و دانیِشتنی داهاتوو سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی رۆژی یه‌كشه‌مه‌ 29.09.2019 به‌ڕێوه‌ده‌چێت بۆ خوێندنه‌وه‌ی سێیه‌م و ده‌نگدان له‌سه‌ر بڕگه‌و ماده‌و پێشنیازه‌كانی په‌رله‌مانتاران له‌سه‌ر هه‌مواری یه‌كه‌می په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.