Skip to the content
Menu

له‌دانیشتنی یه‌كه‌می خولی پایزه‌
ئه‌نجامی سه‌ردانی شاندی په‌رله‌مان بۆ به‌غداو بیرۆكه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ژماره‌ى دانیشتوانی هه‌رێم خرایه‌ڕوو

سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 17/9/2019، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (1)ی ئاساییی خولی پایزه‌ له ‌ساڵی یه‌كه‌می‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ له‌چوار خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یه‌كه‌می تایبه‌تبوو به‌خستنه‌ڕووی راپۆرتێك سه‌باره‌ت به‌سه‌ردانی شاندی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆنگره‌ى په‌رله‌مانه‌كانی ئاسیاو شێوازی رێكخستنی په‌یوه‌ندیی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌لایه‌ن به‌ڕێز جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، خاڵی دووه‌میش بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ ئه‌م پێشنیازه‌یاسایانه‌ی خواره‌وه‌ به‌پێی حوكمى (82،80،79)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان:
1 - هه‌موارى یه‌كه‌می په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق
2 - .پێشنیازه‌یاسای (به‌ركاركردن و هه‌موارى یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى قاچاغیكردن به‌نه‌وت و به‌رووبوومه‌كانی ژماره‌ (41)ى ساڵی 2008).
3 - پێشنیازه‌یاسای (به‌ركاركردنی یاسای فیدرالیی پاراستنی به‌رهه‌مه‌ عێراقییه‌كان ژماره‌ (11)ى ساڵی 2010ى هه‌مواركراو).
4 - پێشنیازه‌یاسای (رێكخستن و یه‌كحستنی عه‌لوه‌كان).
5 - پێشنیازه‌یاسای (به‌ركاركردنی یاسای فیدرالیی واژۆی ئه‌لیكترۆنی و مامه‌ڵه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان ژماره‌ (78)ى ساڵی 2012).
6 - پێشنیازه‌یاسای (به‌ركاركردن و هه‌موارى یاسای گرتنی مایه‌ى قاچاغ و قه‌ده‌غه‌كراو بۆ ئالوگۆڕكردن له‌ بازاڕه‌ نێوخۆییه‌كان ژماره‌ (18)ى ساڵی 2008ى هه‌مواركراو).
7 - پێشنیازه‌یاسای (به‌ركاركردن و هه‌موارى یاسای هاورده‌كردن و فرۆشتنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان ژماره‌ (9)ى ساڵی 2006).
خاڵی سێیه‌م و كۆتایی به‌رنامه‌ى كاریش بریتی بوو له‌ خستنه‌ڕووی بیرۆكه‌ی ئه‌ندامى په‌رله‌مان (هێڤیدار ئه‌حمه‌د سلمان) سه‌باره‌ت به‌ (ژماره‌ى دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان) به‌پێی خاڵی (2)ى بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له‌ ماده‌ی (49)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.
به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار له‌لایه‌ن هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌نجامی سه‌ردانى شاندی په‌رله‌مان بۆ به‌غدا به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ كۆنگره‌ى په‌رله‌مانه‌كانی ئاسیا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانى شانده‌كه‌ى له‌ به‌غدا بۆ په‌رله‌مانتاران خسته‌روو.
له‌راپۆرته‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "به‌شداریكردنی شاندی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ كۆنگره‌ى په‌رله‌مانه‌كانی ئاسیا ده‌رفه‌تێكی گرنگ بوو بۆ پێشخستنی دیپلۆماسییه‌تی په‌رله‌مانی كه‌ له‌چوارچێوه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆشدا جه‌خت له‌گه‌شه‌پێدان و موماره‌سه‌كردنی ئه‌و جۆره‌ دیپلۆماسییه‌ته‌ په‌رله‌مانییه‌ كراوه‌ته‌وه‌ و هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ش بووه‌ ده‌رفه‌تێك تاوه‌كو بتوانین كارو به‌رنامه‌كانی لیژنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و چۆنیه‌تی به‌رێوه‌چوونی پرۆسه‌ی ته‌شریعی به‌ به‌شێك له‌په‌رله‌مانه‌كانی جیهان بناسێنین".
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: "له‌ماوه‌ی به‌شداریكردن له‌ كۆنگره‌ى په‌رله‌مانه‌كانی ئاسیا، شاندی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌یه‌ك دیدارو كۆبوونه‌وه‌ی گرنگی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌سه‌رۆكی كۆنگره‌ى په‌رله‌مانه‌كانی ئاسیاو په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی په‌رله‌مانه‌كانی ئێران و كوه‌یت و شانشینی ئوردن ئه‌نجامدا و تیایاندا باس له‌ ئاڵوگۆری بیروبۆچوونه‌كان و كاری په‌رله‌مانی كراو هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌شدا به‌فه‌رمی بانگهێشتی په‌رله‌مانه‌كانی ئاسیامان كرد كه‌ دیدارو كۆنگره‌ی په‌رله‌مانی له‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامبده‌ن".
له‌به‌شێكی دیكه‌ی راپۆرتی شاندی په‌رله‌مانی كوردستان، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: "جگه‌ له‌ئه‌نجامدانی دیداره‌ په‌رله‌مانییه‌كان شاندی په‌رله‌مانی كوردستان چه‌ند دیدارێكی سیاسیشی له‌سه‌ر ئاستی عیراق ئه‌نجامدا، له‌وانه‌ش كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق و گه‌یاندنی نیگه‌رانییه‌كانی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌باره‌ت به‌و هه‌وڵ و رێككاره‌ یاساییانه‌ی كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوو له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقییه‌وه‌ كراون، به‌تایبه‌تیش له‌ پرسی ده‌رچوواندنی قانوونی خدمه‌ی مه‌ده‌نی و یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ره‌چاوی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌كراون، هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان پرس و بابه‌تیش له‌گه‌ڵ نێرده‌ی تایبه‌تیی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌به‌غدا كۆبووینه‌وه‌و ئه‌و نیگه‌رانییه‌مان خسته‌روو، له‌به‌رامبه‌ریشدا نێرده‌ی تایبه‌تیی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌عیراق به‌ڵینیدا بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ راوێژو كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی عیراقی ده‌كه‌ن وهه‌ڵوێستی خۆیانیان له‌وباره‌وه‌ پێڕاده‌گه‌یه‌نن".
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی راپۆرته‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان باسی له‌كۆبوونه‌وه‌كانی شاندی په‌رله‌مان و جێگری دووه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و سه‌رۆكی فراكسیۆن و كوتله‌ كوردستانییه‌كان له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كردو رایگه‌یاند: "له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا كۆمه‌ڵێك بریاری گرنگ دران بۆئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی پراكتیكی و یاساییانه‌ هه‌ماهه‌نگیی ته‌واو له‌نێوان لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و نوێنه‌رانی كورد له‌لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق دروست بكرێن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش بریار له‌باره‌ی چۆنییه‌تیی رێكخستن و به‌رده‌وامیدان به‌و په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگییانه‌ دران به‌تایبه‌تیش له‌بواری بودجه‌و یاساكان و پرسی نه‌وت و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ى هه‌رێم، هه‌روه‌ها داواش كرا نوێنه‌رانی كورد له‌ لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی فیدراڵ هاوكاری لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بن به‌تایبه‌تی له‌ئێستادا كه‌ گرووپی دۆستایه‌تیی په‌رله‌مانی عیراقی و وڵاتانی دیكه‌ له‌وپه‌ری فراونیی خۆیدایه‌و له‌و رێگه‌یه‌ ده‌رفه‌ت بۆ ئه‌و جۆره‌ په‌یوه‌ندییانه‌ بۆ هه‌رێم بڕه‌خسێت".
دواتر به‌پێی خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كار له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ ئه‌و حه‌فت پێشنیازه‌یاسایانه‌ى كه‌ له‌خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌یی كارى دانیشتنه‌كه‌ هاتبوون كرا و له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ ئاراسته‌ی لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مان كران بۆ ئه‌نجامدانی رێككاره‌ یاساییه‌كانی.
به‌ر له‌خستنه‌رووی دواخاڵی به‌رنامه‌ی كار، ژماره‌یه‌ك خاڵی نیزامی له‌لایه‌ن چه‌ند په‌رله‌مانتارێكه‌وه‌ له‌باره‌ی ئه‌وله‌وییه‌تی كاری په‌رله‌مانی ئه‌م خولی پایزه‌ی په‌رله‌مان ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كران و له‌به‌رامبه‌ریشدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "له‌م خوله‌ی نوێیه‌ په‌رله‌مانی و هه‌بوونی په‌یڕه‌وێكی نوێ توانیومانه‌ هه‌ماهه‌نگییه‌كی ته‌واو له‌نێوان هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێكردن دروست بكه‌ین، له‌وانه‌ تێنه‌په‌راندنی هیچ پڕۆژه‌پێشنیازێك به‌بێ هه‌بوونی رای حكومه‌ت ئه‌گه‌ر بارگرانیی دارایی دروست بكات، دووه‌میشیان ئه‌وله‌وییه‌ت پێدانه‌ به‌و پڕۆژانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ئاراسته‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێن، هه‌روه‌ها په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك دامه‌زراوه‌ی ته‌شریعی ئه‌وله‌وییه‌تی یاسادانان بۆ ئه‌و پڕۆژانه‌ هه‌یه‌ كه‌ فه‌راغی یاسایی و ده‌ستووریی دروستكردووه‌".
سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ كه‌ هه‌م حكومه‌ت به‌فه‌رمی رایگه‌یاندووه‌ له‌كاتی خۆیدا پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی ساڵی 2020 ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكات و ئه‌وكاتیش چی پێویست بێت وه‌كو دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مانی رێككاره‌كان ده‌گرینه‌به‌ر.
به‌پێی خاڵی سێیه‌م و كۆتایی به‌رنامه‌ى كاریش له‌لایه‌ن (هێڤیدار ئه‌حمه‌د سلمان) ئه‌ندامى په‌رله‌مانی كوردستان بیرۆكه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ (ژماره‌ى دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان) به‌پێی خاڵی (2)ى بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له‌ ماده‌ی (49)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان خرایه‌ڕوو.
له‌نێو بیرۆكه‌كه‌یدا ژماره‌یه‌ك داتاو زانیاریی له‌باره‌ی كێشه‌كانی گه‌شه‌ی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان بۆ په‌رله‌مانتاران خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند: "له‌ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوودا گه‌شه‌ی دانیشتوانی هه‌رێم له‌ 2.8% دابه‌زیوه‌ بۆ 2.4% پێشبینیش ده‌كرێت له‌ساڵی داهاتوودا زیاتر دابه‌زێت و بگاته‌ 2.2%".
راشیگه‌یاند: "ئه‌م بارودۆخه‌ی له‌گه‌شه‌ی دانیشتوانی هه‌رێم هه‌ستی پێده‌كرێت بارودۆخێكی ترسناكه‌و كاریگه‌ریی نه‌رێنیی له‌سه‌ر داهاتووی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌و پێویسته‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كان ئه‌و پرسه‌ به‌هه‌ندوه‌ربگرن"، داواشی كرد كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان دانیشتنێكی تایبه‌ت له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجامبدات.
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی خستنه‌ڕووی داتاو زانیارییه‌كاندا، هێڤیدار ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "ئه‌م كێشه‌یه‌ له‌خاوبوونه‌وه‌ی گه‌شه‌ی دانیشتوانی هه‌رێم مه‌ترسی له‌سه‌ر پێگه‌و داهاتووی هه‌رێم له‌عیراق دروستده‌كات له‌كاتێكدا گه‌شه‌ی دانیشتوان له‌به‌شه‌كانی دیكه‌ی عیراق زۆر به‌رزترو خێراتره‌و هه‌روه‌ها جگه‌ له‌كێشه‌ی خاوبوونه‌وه‌ی گه‌شه‌ی دانیشتووانی هه‌رێم، زیاتر له‌ 9.2% دانیشتوانی هه‌رێم وه‌كو دانیشتوان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقییه‌وه‌ هه‌ژماره‌ ناكرێن".
ئه‌وه‌شی خسته‌روو كه‌ رێژه‌ی مردن له‌نێو منداڵانی ته‌مه‌ن خوار پێنج ساڵان له‌ هه‌رێم زۆر به‌رزه‌.
دوای خستنه‌ڕووی داتاو زانیارییه‌كان سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان وێڕای ده‌ستخۆشیكردن له‌ په‌رله‌مانتار هێڤیدار ئه‌حمه‌د بۆ خستنه‌ڕووی ئه‌و پرسه‌ گرنگه‌ رایگه‌یاند: "دواتر له‌ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان راوێژ له‌سه‌ر ئه‌و پێشنیازه‌ ده‌كه‌ین كه‌تایبه‌تبوو به‌ئه‌نجامدانی دانیشتنێكی تایبه‌ت له‌وباره‌یه‌وه‌".
سه‌رۆكی په‌رله‌مان راشیگه‌یاند: "خستنه‌ڕووی ئه‌وجۆره‌ بیرۆكانه‌ كاری په‌رله‌مانیی گرنگن و بۆیه‌ هه‌ر په‌رله‌مانتارێكی دیكه‌ ده‌توانێت به‌هه‌مان شێوه‌ بابه‌ت و پرسی گرنگ بێنێته‌ ناو دانیشتنه‌كان و وه‌كو سه‌رۆكایه‌تی پێشوازیی لێده‌كه‌ین".
به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا.