Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌ له‌ به‌دواداچوون بۆ پرسه‌ ته‌ندروستی و ژینگه‌ییه‌كان به‌رده‌وامه‌

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠١٩، لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌ و مافی به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتیی د.سه‌باح مه‌حمود سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامداو تاووتوێی پرسه‌ ژینگه‌یی و ته‌ندروستییه‌كانی كرد.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ له‌ هۆڵی لیژنه‌کە به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌نجامی سه‌ردانی په‌رله‌مانتارانی لیژنه‌كه‌ بۆ پارێزگاكانی دهۆك و سلێمانی خرایه‌ڕوو، كه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون بوو له‌سه‌ر پرسی ژینگه‌ به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر شێوازی له‌ناوبردنی پاشماوه‌ی پزیشكی له‌م دوو پارێزگایه‌دا، و تیشك خرایه‌سه‌ر كه‌موكوڕییه‌كان و دۆزینه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌یه‌ك بۆ له‌ناوبردنی ئه‌م پاشماوانه‌ كه‌ كه‌مترین زیانی هه‌بێت بۆ ژینگه‌.
ته‌وه‌ره‌ی دووه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌و نووسراو و یاداشت و داواكارییانه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون، دوای گفتوگۆی ئه‌ندامان ئه‌وانه‌ی پێویستییان به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ هه‌بوو وه‌ڵامدرانه‌وه‌ و ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كران به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و ئه‌نجامدانى كاری پێویست.