Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێری پێشوازی له‌ وه‌زیرى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی هه‌ماهه‌نگیى زیاتر له‌نێوان لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێرى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم و ئاگاداربوون له‌و پڕۆژه‌یاسایانه‌ى كه‌ خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌میان بۆ كراوه‌و په‌یوه‌ستن به‌و كه‌رته‌و هه‌روه‌ها چۆنیه‌تیى رێكخستنه‌وه‌ى عه‌لوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و به‌بازاڕكردنى به‌رووبوومى جووتیاران، سه‌عات 10ى به‌یانیی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2019/9/29، بێگه‌رد تاڵه‌بانى وه‌زیری كشتوكال و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان به‌ یاوه‌ریى ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كانى وه‌زاره‌ته‌كه‌ ىسه‌ردانی لیژنه‌ى كشتوكاڵ و ئاودێریى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان كردو له‌لایه‌ن عوسمان عه‌بدوڵا سه‌رۆكى لیژنه‌و جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و راوێژكارانی لیژنه‌كه‌وه‌ پێشوازیی لێكرا.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌زیری كشتوكال و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌یانی بۆ لیژنه‌كه‌ روونكرده‌وه‌ كه‌ بۆ گه‌یاندنی سه‌رنج و تێبینیی وه‌زاره‌ته‌كه‌یانه‌ له‌سه‌ر به‌شێك له‌و پڕۆژه‌یاسایانه‌ی كه‌ له‌ په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بۆ كراوه‌ و رایگه‌یاند: "یه‌كێك له‌و پرۆژه‌یاسایانه‌ی خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌ له‌سه‌ر عه‌لوه‌ی سه‌وزه‌و میوه‌یەو ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت هه‌موو عه‌لوه‌كان له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان به‌یه‌ك سیسته‌م كار بكه‌ن، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ هاتین تیبینییه‌كانی خۆمان ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مان كرد له‌باره‌ی ئه‌و عه‌لوانه‌و شێوازی به‌ڕێوه‌بردنیان".
گووتیشی: "ده‌مانه‌وێت هه‌ماهه‌نگیی ته‌واومان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی كشتوكاڵی په‌رله‌مان هه‌بێت، بەڵام ئه‌وه‌ به‌ومانایه‌ نا كه‌ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ ببێته‌هۆی ئه‌وه‌ی لیژنه‌ی كشتوكاڵ نه‌توانێت كاری چاودێریی خۆیان بكه‌ن".
له‌به‌شێكى ترى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تیشك خرایه‌سه‌ر كێشه‌و گرفتى ئه‌و گوندانه‌ى زه‌وییه‌كانیان به‌ر فڕۆكه‌خانه‌كان كه‌وتووه‌و هه‌ردوولا به‌پێویستیان زانى به‌نووسراوى فه‌رمى ئاڕاسته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان بكرێت بۆ گێڕانه‌وه‌ى زه‌وییه‌كان.
له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا وه‌زیرى كشتوكاڵ به‌رچاو روونیى دایه‌ لیژنه‌كه‌ له‌و پڕۆژه‌ یاسایانه‌ى كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ى له‌ئێستادا سه‌رقاڵى ئاماده‌كردنییه‌تى .