Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیی كۆیه‌و گه‌رمیان كۆبووه‌وه‌

به‌یانیی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ 22/9/2019، لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی لوقمان وه‌ردی سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانی لیژنه‌كانی ناوخۆ و مافی مرۆڤ پێشوازیی كرد له‌نوێنه‌رانی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیی قه‌زای كۆیه‌و گه‌رمیان و له‌سه‌ر مه‌ترسییه‌كانی به‌كارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ر گفتوگۆكرا.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ له‌ هۆڵی لیژنه‌ی ڕۆشنبیری به‌ڕێوه‌چوو نوێنه‌رانی ڕێكخراوه‌كان له‌به‌ر مه‌ترسی و زیادبوونی ئاماره‌كانی به‌كارهێنان و بازرگانیكردن به‌ ماده‌هۆشبه‌ره‌كان یاداشتێكیان پێشكه‌ش به‌ لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان كرد كه‌ چه‌ند داواكارییه‌كی له‌خۆگرتبوو، له‌وانه‌ هه‌مواركردنه‌وه‌و به‌ركاركردنی یاسای ژماره‌ 50ى ساڵی 2017 یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ماده‌هۆشبه‌ره‌كانى عێراق له‌ هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها پێكهێنانی ده‌سته‌یه‌كی باڵا بۆ هۆشیاری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ماده‌هۆشبه‌ره‌كان و توندوتوڵَكردنی خاڵه‌ سنوورییه‌كان و دروستكردنی سه‌نته‌رو ناوه‌ندی تایبه‌ت به‌چاره‌سه‌ركردن و ڕاهێنانه‌وه‌ی تووشبووان و دانانی پرۆگرامێكی تایبه‌ت به‌ هۆشیاریی ماده‌هۆشبه‌ره‌كان له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندندا.
له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكی لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و په‌رله‌مانتارانی لیژنه‌كانی به‌شدار له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ستایشی ڕۆلی گرنگیی ڕێكخراوه‌كانیان كردو بابه‌تی ماده‌ی هۆشبه‌ریان به‌مه‌ترسی زانی و به‌ڵێنیاندا هه‌ر كاریك له‌به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌كارهێنان و بازرگانیكردن به‌و مادانه‌وه‌ بێت ئه‌نجامی بده‌ن و هه‌ماهه‌نگی ته‌واو له‌ناو لیژنه‌كانی په‌رله‌مان دروستبكه‌ن بۆئه‌وه‌ی به‌هه‌موو لایه‌ك كاری جدیی له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ بكرێت.