Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان پلانی وه‌رزی یاسادانانی پایزه‌ داده‌ڕێژێت

به‌مه‌به‌ستی دانانی به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌و پلانی كاركردن له‌وه‌رزی تازه‌ی یاسادانان و چه‌ند پرسێكی تر، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 2/9/2019، لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی لوقمان وه‌ردی سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنه‌ جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ كۆبوونه‌وه‌كانی چڕتر بكاته‌وه‌ بۆ وه‌رزی تازه‌ی یاسادانان، هه‌روه‌ها پێشنیازی یاسای ڕێكلام له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ ئاماده‌ كراوه‌ گفتوگۆى له‌سه‌ر كرا، مه‌به‌ست له‌ ده‌رچوواندنی یاساكه‌ چاودێریكردن و ڕێكخستن و كۆنتڕۆڵكردنی كارى ڕێكلامه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان.
ھەرلەکۆبونەوەکە بڕیاردرا ڕۆژی سێشەمە ٣/٩/٢٠١٩ بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون و ھەڵسەنگاندنی بواری وەرزشی و کەموکوڕییەکان شاندێکی لیژنەی ڕۆشنبیری سەردانی لیژنەی ئۆڵۆمپیی کوردستان بکات.
له‌ كۆتایی كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئه‌و نوسراو و یاداشت و سكاڵا و داواكارییانه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌و گفتوگۆیان له‌سه‌ر كراو ئه‌وانه‌شی پێویستیان به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ بوو وه‌ڵامدرانه‌وه‌و ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كران به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوونیان.