Skip to the content
Menu

لیژنەی یاسایی راپۆرتی هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ئامادە دەکات

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠١٩، بەسەرپەرشتیی د.رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لیژنەی كاروبارى یاساییی پەرلەمانی کوردستان بەئامادەبوونی بژار کۆچەر سەرۆکی لیژنەو عەباس فەتاح جێگری سەرۆکى لیژنه‌و بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژکارانی لیژنەکە بەمەبەستی نووسینەوەی راپۆرت بۆ خوێندنەوەی دووەمی هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە هۆڵی لیژنەی یاسایی بەرێوەچوو، ژمارەیەک ماددەی پەیڕەوی ناوخۆ تاووتوێکران کە لەدانیشتنی ژمارە ١ی ئاسایی خولی پایزە بەمەبەستی هەموارکردنەوەی خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا.
پاش تاووتوێکردنی سەرجەم ئەو ماددانەی کە شیاوی هەموارکردنەوە بوون، سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکە بڕیاریاندا راپۆرتێک ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بکرێت بەمەبەستی ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان.