Skip to the content
Menu

پەیامی ماتەمینيی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەبۆنەی یادی پەنجا ساڵەی قوربانیانی گوندی صوریا لە بادینان

پەیامی ماتەمینی سەرۆکایەتیی  پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی یادی پەنجا ساڵەی قوربانیانی گوندی صوریا لە بادینان

ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

لە رۆژێکی وەکو ئەمرۆ لە ساڵی ١٩٦٩ و پێش نیو سەدە ، لە کوشتارگەیەکی خوێناویدا بەدەستی رژێمی بەعس لە گوندی صوریا لە بادینان خوێنی پاکی دەیان هاووڵاتی ژن و پیاو و گەنج و پیر لە مەسیحی و موسڵمان، لە کلدان سریان ئاشوور و کورد بەبێ تاوان ڕژا و شەهید کران، یەکەم شەهیدی ئەم کارەساتەش قەشە (حنا قەشا) قەشەی کڵێسای کلدانی کاسۆلیکی بوو ، و تەنها لەبەر بەرگری کردنی لە خەڵکی گوندی صوریا ، لەبەرچاوی خەڵکی گوندەکە  بەدەستی (عبدالكریم الجحیشی) ئەفسەری سوپای عێراقی لە سێدارە درا.

لە پەرلەمانی کوردستان بەو پەڕی ڕێزەوە دەڕوانینە قوربانیانی ئەم کارەساتە دڵتەزێنە و بەڵێن دەدەین کە هەمیشە داکۆکیکارێکی سەرسەخت دەبین بۆ برەودان بە پێکەوە ژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان، و بەدیهێنانی دادپەروەری لە ماف و ئیمتیازاتی کەس و کاری گشت شەهیدان، و سەری رێزو نەوازش دادەنوێنین بۆ شەهیدانی کوشتارگە خوێناوییەکەی صوریا و گشت شەهیدانی کوردستان.

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان

١٦/٩/٢٠١٩