جێگری سەرۆکی پەرلەمان له بهغدا بەشداريی لە دیداری رافیدەین بۆ ئاسایش و ئابووری كرد
بەمەبەستی بەشداریکردن لە دیداری رافیدەین بۆ ئاسایش و ئابووری لە رۆژانی ۲٦ تا۲۸ی ئەیلولی ۲۰۱۹، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ناوەندی رافیدەین بۆ دیالۆگ، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ژمارەیەک له ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنە جیاوازەکان کە پێکهاتوو لە هێڤیدار ئەحمەد، سەرکۆ ئازاد و بەڵێن ئیسماعیل، گەیشتنە بەغدا.
لە دەسپێکی دیدارەکەدا کە محهمهد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق و ژمارەیەکی بەرچاو لەوەزیرو پەرلەمانتارو بەرپرسانی حزبی و حکومی و ئابووریناسانی ناوەوەو دەرەوەی عێراق ئامادەیبوون، لەلایەن زید صباح الطلقانی سەرۆکی ناوەندی رافیدەین وتارێک پێشکەشکراو تیایادا ڕایگەیاند: "ئەم دیدارە لە کاتێکدا ساز دەکرێت كه عێڕاق پێویستیی بە هەڵوهستەکردنە لەسەر لایەنەکانی ئاسایش و ئابووری بەمەبەستی پاڵپشتیکردن لەرەوڕەوەی پێشکەوتنی ئابووری و بەدیهێنانی گەشەپێدان لەهەموو کایە جیاوازەکاندا".
شاندی پهرلهمانى كوردستان بهسهرۆكایهتیی هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، جگە لە بەشداریکردنیان لەو دیدارەدا کەبڕیارە لە دانیشتنێکی کراوەدا هێمن ههورامى بۆچوونەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ بەشداربووانی دیدارەکە لەبارەی ئاسایش و کێشە ئابوورییەکان و چۆنیەتیی چارەسەرکردنیان بخاتەڕوو، چەندین کۆبوونەوەو دیدارێکی سیاسی و دیپلۆماسیش ئەنجام دەدات.
لە کۆتایی ئاهەنگی دەسپێکی دیداری رافیدەین، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان چاوی بە ثامر الغضبان یاریدەدەری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کاروباری وزەو وەزیری نەوتی عێراق کەوت و سوپاسی ناوبراوی کرد بۆ ئەو وتارەی لە دەسپێکی دیدارەکە پێشکەشی کردو تێیدا تەئکیدی لەسهر چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە نەوت و بودجە بە گفتوگۆو لەچوارچێوەی یاسابەرکارەکان کردبووەوە، هەروەها باسیان لە هاوکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لە بواری نەوت و وزە کرد.
شایانی باسە ناوەندی رافیدەین بۆ دیالۆگ ناوەندێکی فیکریی سەربەخۆیە و کار بۆ برەودان بە دیالۆگ لە بوارەکانی سیاسی و رۆشنبیری و ئابووری دەکات بەمەبەستی بەهێزکردنی ئەزموونی دیموکراتی و بەدیهێنانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی.