Skip to the content
Menu

ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ 15/9/2019 ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كه‌ پێكهاتبوو له‌ د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مان و هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبی قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، سه‌ردانی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیان كردو له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا تاووتوێی چه‌ند پرسێكی سیاسی و یاساییی تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و عێراق كرا.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ ئاماده‌كاریی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوورێكی سه‌رده‌میانه‌و گه‌لپه‌سه‌ند له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌بوونی كۆده‌نگیی نیشتیمانی و رێزگرتن له‌ مافی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان و بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسییه‌ت، زه‌رووره‌تی قۆناغه‌كه‌یه‌.
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پته‌وكردنى هاوئاهه‌نگی له‌نێوان سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بۆ پشتیوانیكردنی دیالۆگێكی بنیادنه‌رانه‌ له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراقی به‌ ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان له‌نێوان هه‌ردوولا به‌جۆرێك كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان بێت و له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و ماف و شایستانه‌ بێت كه‌ ده‌ستووری ساڵی 2005 به‌هه‌رێمی كوردستانی داوه‌، دووپات كرایه‌وه‌.
هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ش كرا كه‌ بارودۆخی هه‌رێم و پێشهاته‌ سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌ واده‌خوازێت كۆبوونه‌وه‌ی هه‌رسێ سه‌رۆكاییه‌تییه‌كان بۆ دروستكردنی هاوئاهه‌نگی زیاتر ئه‌نجام بدرێت.
له‌باره‌ی پرسی چاكسازیش هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌رخستنی رێككاره‌كانی پرۆسه‌ی چاكسازی له‌ هه‌رێمی كوردستان و لابردنی ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی كه‌ ڕه‌نگه‌ بێنه‌ سه‌ر رێگاى.