Skip to the content
Menu

دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان له‌شارى سلێمانى سه‌ردانی كۆسرەت ڕەسول عەلی ده‌كات

نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٩/٩/٢٠١٩، د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌یاوه‌ریى هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مانى كوردستان، لەشاری سلێمانی سه‌ردانی به‌ڕێز كۆسرەت ڕەسول عەلی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیان كرد.
‎لەدیدارێكدا سه‌ره‌تا شاندی باڵای په‌رله‌مانى كوردستان مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كانیان بۆ لای حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان خسته‌ڕوو كه‌ بۆ دروستكردنى كۆده‌نگییه‌ له‌سه‌ر هه‌ندێ بابه‌ت كه‌ ره‌هه‌ندی چاره‌نووسسازیان هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان و میلله‌ته‌كه‌مان له‌وانه‌ نوسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمی كوردستان و پشتیوانیكردن له‌ كارنامه‌ى حكومه‌تی هه‌رێم و پرۆسه‌ی چاكسازى و دانوستاندنه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی ناوه‌ند.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا گفتوگۆكرا لەبارەی پەیوەندیی نێوان پەرلەمانی كوردستان و هێزو لایەنە سیاسییەكان و جەخت لەوە كرایەوە كە هەماهەنگیی تەواو هەبێ لەنێوان پەرلەمانی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان بە ئامانجی باشتر بەڕێوەچوونی كارەكانی پەرلەمان.
‎هاوكات پرسەكانی پەیوەست بەبارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە تاووتوێ كرا.
‎لەلایه‌ن خۆیه‌وه‌ كۆسرەت ڕەسول عەلی پشتیوانیی خۆی بۆ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان دەربڕی و هیوای خواست پەرلەمانی كوردستان ڕۆڵی كارای خۆی بگێڕێ لە دەركردنی یاسای باش و چاودێریكردنی كارەكانی حكومەت.
‎له‌ تەوەرێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكەدا ئامادەكاری بۆ نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان گفتوگۆی وردو جدیی له‌سه‌ر كرا و هه‌ردوولا دووپاتیان كردەوە كە پێویستە ئەم پرسە كۆدەنگیی لەسەربێ و هەوڵی جدی بدەن بۆ نووسینەوەی.
‎هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا جەخت كرایەوە لەوەی پێویستە لایەنەكان هاوئاهەنگ و پشتیوان بن بۆ پڕۆسەی چاكسازی لە سەرجەم ئاستەكان و پەرلەمانیش ڕۆڵی كارای خۆی لەم پڕۆسەیەدا بگێڕێ.
‎بەشێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكە تەرخان كرا بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی بەدەستهێنانی پشتیوانیی سیاسیی حزب و لایەنە سیاسییەكان بۆ پڕۆسەی دیالۆگی بنیادنەرانە لەگەڵ حكومەتی ناوەندی بۆ مسۆگەركردنی مافه‌ دەستووری و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.