Skip to the content
Menu

دەستەی سەرۆکایەتيی پەرلەمان لەگەڵ بەرەی تورکمانی کۆبووەوە

نیوەرۆی ئەمرۆ ١٦/٩/٢٠١٩ د.رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و منی نبی قهوەچی سکرتێری پەرلەمان سەردانی بەرەی تورکمانی-یان لە شاری هەولێر کردو لەلایەن ئایدن مەعروف لێپرسراوی بارەگای سەرەکيی بەرەی تورکمانی لە هەرێمی کوردستان و هیمداد صباح سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان و بەشێک لە سەرکردایەتيی پارتەکە پێشوازییان لێکرا.

مەبەستی سەردانەکەی دەستەی سەرۆکایەتيی پەرلەمانی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی کۆدەنگییە لەنێوان سەرجەم لایەن و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی نوسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان و پرۆژەی چاکسازی و پاراستنی مافی پێکهاتەکان و گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر مافی پێکهاتەکانی کوردستان و دڵنیاییان لە دەستەبەرکردنی مافەکانیان لە دەستووری هەرێمی کوردستان کرایەوە، هاوکات جەختیان لەسەر پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان کردەوەو رایانگەیاند پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بەشێکن لە جوانییەکانی کوردستان و بەهەموو توانایەکەوە پارێزگاریيان لێدەکەن، لەلایەکی ترەوە داوایان لە بەرەی تورکمانی کرد هاوئاهەنگ بن لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانیيەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک بە سەرجەم پێکهاتەکانیيەوە و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقی فیدراڵ .

لەلایەن خۆیانەوە ئایدن مەعروف لێپرسراوی بارەگای بەرەی تورکمانی و سەرکردەکانی پارتەکە لە هەولێر سوپاسی ئەم دەستپێشخەرییەی سەرۆکایەتيی پەرلەمانی کوردستانیان کردو ئەم سەردانەیان بە پشتگیری بۆ پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لێکدایەوە و ئامادەیی خۆشیان نیشاندا کە پشتیوانيی تەواوی هەنگاوەکانی پەرلەمانی کوردستان بن.