Skip to the content
Menu

دەستەی سەرۆکایەتيی پەرلەمان لەگەڵ چوار پارتی تورکمان کۆبووەوە

پاشنیوەرۆی ئەمرۆ ١٦/٩/٢٠١٩، د.رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و منی نبی قهوەچی سکرتێری پەرلەمان، سەردانی چوار پارتی سیاسيی پێکهاتەی تورکمانیان لە شاری هەولێر کرد و لەلایەن کەنعان شاکر سەرۆکی بێلایەنی تورکمان و دڵشاد چاوشلی سەرۆکی دیموکراتی تورکمانی کوردستان و عیرفان کەرکوکی سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان و کاوە محمد ئیبراهیم جیگری سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان و  بە ئامادەبوونی سارا دڵشاد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان  و ژمارەیەک لە سەرکرایەتيی پارتەکان پێشوازییان لێکرا و لەبارەگای پارتی گەشەپێدانی تورکمان کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکه‌دا جەخت لەسەر پشتیوانیکردنی سەرجەم لایەنە سیاسیيەکان کرا لەسەر مەسەلەی دەستوورو پاراستنی مافی پێکهاتەکان و پرۆژەی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان، هاوکات باس لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا کرا و هاوڕابوون لەسەر پاڵپشتیي ستراتیژییەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچیوەی دەستووری عێراقی فیدراڵدا، هاوکات بە گرنگییەوە باسیان لە رەسەنایەتيی نەتەوەی تورکمان و سەرجەم پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان کرد.

لەلایەن خۆیانەوە سەرجەم پارتە تورکمانيیەکان پشتگیرییان بۆ ئەم هەنگاوەی پەرلەمان دەربری بۆ وەرگرتنی بۆچوونی تورکمانەکان لەسەر پرسە چارەنووسسازەکانی هەرێمی کوردستان و پاڵپشتيی خۆشیان بۆ پەرلەمانی کوردستان و ستراتیژییەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە بۆ نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی چاکسازی و گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغدا.