Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ باڵیۆزی ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر له‌ عێراق كرد

له‌دیدارێكی نێوان سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و باڵیۆزی ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر له‌ عێراق جه‌خت له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و ئه‌نجامدانى كارى وه‌به‌رهێنان و په‌ره‌پێدانی بواره‌كانى ئابوورى و بازرگانی له‌نێوان كرایه‌وه‌.
دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 29/9/2019، د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ نوسینگه‌ی خۆی له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ خالد حه‌مه‌د ئه‌لسلیتی باڵیۆزی ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر له‌ عێراق كرد.
له‌ دیدارێكدا دوای به‌خیرهێنانیان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌، باڵیۆزی ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر سڵاوورێزی ئه‌میری قه‌ته‌ر و سه‌رۆكوه‌زیران و وسه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی شورا ئه‌حمه‌د عبدالله‌ مه‌حمود-ى به‌ د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان راگه‌یاندو گووتی: "به‌نیازه‌ داوا له‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی شوراو ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی شورا بكات سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستان و به‌ڕێزیان بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی زیاتر لێكتێگه‌یشتن و پێكه‌وه‌كاركردن، له‌ بواره‌كانی ئابووری و پیشه‌سازی و وه‌به‌رهێنان، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان ناوچه‌یه‌كی ئارامه‌ له‌ عێراق و ئه‌زموونێكی به‌رچاوی هه‌یه‌ له‌زۆربه‌ی بواره‌ بازرگانی وسیاسی په‌یوه‌ندییه‌كاندا".
لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان خۆشحاڵی و سوپاسگوزاریی ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر هه‌واڵپرسینیان له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان ئه‌میری قه‌ته‌ر و سه‌رۆك وه‌زیران و وسه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی شوراو ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ‌هیواخوازه‌ باڵیۆزو باڵیۆزخانه‌كان رۆڵى كاریگه‌رى خۆیان ببینن له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا.
سه‌باره‌ت به‌ ململانێكانی كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌شدا هه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "بێگومان هه‌رێمی كوردستان خۆی ده‌پارێزێت له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ر ململانێیه‌كی به‌وه‌كاله‌ت، به‌وپێیه‌ی كه‌ سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی جوگرافییه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناو بازنه‌ی هه‌ندێك تێهه‌ڵچوون و ململانێی سیاسیی ئیقلیمی، ئێمه‌ هه‌رگیز نامانه‌وێت به‌شێك بین له‌و ململانێیانه".
ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسیه‌كان و ئاڵوگۆڕه‌ بازرگانییه‌كان سه‌رۆكی په‌رله‌مان پشگیریی له‌ ووته‌كانی باڵیۆزی ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر كردو هیوای خواست له‌ئاینده‌دا بتوانن پردێكی په‌یوه‌ندیی پته‌وتر له‌نێوان هه‌ردوولا بنیادبنێن.
له‌ به‌رامبه‌ردا باڵیۆزی قه‌ته‌ر پشگیریی خۆی بۆ تێڕوانین و بۆچوونه‌كانی د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: " له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا كونسوڵگه‌ریی ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌و په‌یوه‌ندییه‌كانمان زیاتر ده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتووه‌و پێویسته‌ له‌به‌رچاو بگیرێت و پشتیوانیی لێبكرێت و ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر درێغی ناكات له‌هاندانی كۆمپانیاكان و به‌دڵنیاییه‌وه‌ رۆڵمان ده‌بێت له‌ بواری پیشه‌سازی و بازرگانی و سه‌رجه‌م بواره‌ مرۆییه‌كاندا".