Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان كرد

به‌مه‌به‌ستی پیرۆزباییكردن له‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ 22/9/2019، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان به‌یاوه‌ری شاندێكی حزبه‌كه‌ى سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانی كردو له‌لایه‌ن د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مان و هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی لێكرا.
له‌ دیداره‌كه‌دا محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود پیرۆزبایی له‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان كرد و هیوای سه‌ركه‌وتن و ته‌بایی و برایه‌تیی نێوان فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان خواست.
لای خۆیانه‌وه‌ هه‌ریه‌ك له‌ د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مان و هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ته‌ئكیدیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان نوێنه‌ری خه‌ڵكی كوردستانن و پارێزه‌ری ئه‌و ته‌باییه‌ ده‌بن كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستاندا هه‌یه‌.
دواتر محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود باسی له‌ گرنگیی ڕۆڵی په‌رله‌مان كرد كه‌ ده‌زگایه‌كی گرنگه‌و مایه‌ی ئومێدو چاوه‌ڕوانیی خه‌ڵكی كوردستانه‌ له‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌كان به‌تایبه‌ت ئه‌و پرسانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ سه‌روه‌ریی خاكی كوردستان و ژیان و بژێویی خه‌ڵكی كوردستان.
لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "له‌ئێستادا ئه‌وله‌ویه‌تی كاركردنمان بریتییه‌ له‌ دروستكردنی كۆده‌نگی له‌سه‌ر پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌كان و په‌سه‌ندكردنی ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ له‌م قۆناغه‌دا گرنگن و ده‌چنه‌ خزمه‌ت خواست و داخوازییه‌كانی خه‌ڵك".
پاشان هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ته‌ئكیدی له‌سه‌ر قسه‌كانی سه‌رۆكی په‌رلمان كرده‌وه‌و رایگه‌یاند: "پڕۆژه‌یاسای چاكسازی و به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی گشتیی عێراق بۆ ساڵی‌ 2020 پێشینه‌ی كاره‌كانمانن، ده‌ستووریش پێویستیی به‌ كۆده‌نگیی نیشتمانییه‌ و پێویسته‌ هه‌موولایه‌ك له‌سه‌ری كۆكبن و ماف و داخوازییه‌كانی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی كوردستان بپارێزرێت و هیواخوازین هه‌موو پێشهات و رووداوه‌كان به‌ خزمه‌ت و خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان ته‌واو بێت".