Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ شاندێكی باڵای سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستان كرد

له‌دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستان، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان باسی له‌و پێشێلكارییه‌ یاسایی و ده‌ستوورییانه‌ كرد كه‌ له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌ دژ به‌هه‌رێمی كوردستان ده‌رچوون.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌ 12/9/2019 د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیى له‌ شاندێكی باڵای سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستان كرد به‌ سه‌رۆكایه‌تیی به‌ختیار حه‌یده‌ر سه‌رۆكی سه‌ندیكاو یاوه‌ریی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستان.
له‌ دیدارێكدا شاندی میوان وێڕای پیرۆزباییكردن له‌سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ پۆسته‌كه‌ی، باسیان له‌ په‌یوه‌ندیی سه‌ندیكاكه‌یان له‌گه‌ڵ داموده‌زگا یاساییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرد به‌تایبه‌ت په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ رۆلی به‌رچاویان هه‌بووه‌ له‌ هاوكاریكردنی په‌رله‌مان له‌ ده‌ركردنی یاساكاندا، ئاماده‌یی خۆشیان بۆ پته‌وتركردنی زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربڕی بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیی زیاتر له‌ ده‌ركردنی یاساكاندا به‌وپێیه‌ی كه‌ پارێزه‌ران زیاتر له‌ناو خه‌ڵكن و ده‌توانن یاساكان ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكه‌ن به‌پێشنیازه‌كانیان.
لای خۆیه‌وه‌ د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی میوان، باسی له‌ دواین پێشهات و ره‌وشی سیاسیی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و عێراق كردو ئاماژه‌ی به‌هه‌وڵه‌كانى په‌رله‌مانی كوردستان كرد بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدرالیی عێراق له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا، به‌تایبه‌ت ئه‌و پێشێلكارییه‌ یاسایی و ده‌ستوورییانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌هه‌رێمی كوردستان كراون، له‌وانه‌ یاسای ئیداره‌ی مالی و یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق و یاسای خزمه‌تی مه‌ده‌نی.
له‌ به‌رامبه‌ردا شاندی سه‌ندیكای پارێزه‌ران خۆشحاڵیی خۆیان ده‌ربڕی به‌وه‌ى كه‌ كه‌سێكی یاساناس سه‌رۆكى په‌رله‌مانه‌ و هه‌وڵه‌ نیشتیمانییه‌كانی ئه‌ویان به‌رز نرخاند و به‌كه‌سێكی شیاو له‌شوێنی شیاویان زانی و رایانگه‌یاند كه‌ به‌شێك له‌ پارێزه‌ره‌كانیان سكاڵای یاساییان تۆمار كردووه‌ له‌ دادگاى فیدرالی دژ به‌و یاسایانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌رچوون و پێشێلكاریى ده‌ستوورى و یاساییان دژ به‌ هه‌رێمی كوردستان تێدایه‌.