Skip to the content
Menu

سکرتێری پەرلەمان پێشوازی لە یەکێتیی پیشەکاران و پیاوانی کارى تورکیاو عێراق دەکات

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢/٩/٢٠١٩ منی نبی قه‌هوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان پێشوازیی لە نەڤاف کلیچ سەرۆکی یەکێتیی پیشەکاران و پیاوانی کارى تورکیا و عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دانیشتنێکدا وێڕای پیرۆزبایی لە دەستبەکاربوونیان وەک سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، شاندى میوان مەبەستی سەردانەکەیان روونکردەوە کەخۆی لە بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەبینێتەوە، هاوکات لەبەر ئارامی و سەقامگیریی ئاسایش لە هەرێمی کوردستان جەختیان لە پەیوەندییە بازرگانییەکانییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە.
پاشان بانگهێشتی پەرلەمانی کوردستانیان کرد، بەمەبەستی بەشداریکردنیان لەو کۆنگرەیەی یەکێتییەکەیان کە بڕیارە ٢٩/٩/٢٠١٩ لە هەولێر ئەنجام بدرێت.
لەلایەن خۆیەوە منی نبی قه‌هوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان باسی لە پێكهاتەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە لەئێستادا لەگەڵ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان دەستووریشی نییە، بەڵام مافی سەرجەم پێکهاتەکان پارێزراوەو هەموویان بەیەکەوە لەئەرک و ماف و هاووڵاتیبوونیان لە هەرێمی کوردستان هاوبەشی راستەقینەن، پاشان باسی لە پێگەی گرنگی وڵاتی تورکیا کرد لەناوچەکەو بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوولای بە گرنگ وەسفکرد.