سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ کۆنسوڵی گشتیی یۆنان کۆبووەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە ١١-٩-٢٠١٩ د.رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازیی کرد لە ئیفسیمپۆس کۆستۆپۆلۆس کۆنسوڵی گشتیی یۆنان لە هەرێمی کوردستان.
لە دیدارێکدا کۆنسوڵی گشتیی یۆنان وێڕای پیرۆزباییکردن لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی دەستبەکاربوون لە پۆستەکەی، گفتوگۆکرا لەبارەی کارە لە پێشینەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە تایبەت دروستکردنی کۆدەنگی لەسەر کۆمەلێک بابەتی نیشتمانیی چارەنووسساز لە نوسینەوەی دەستووری هەرێم و پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزی پیشمەرگەی کوردستان .
لای خۆیەوە د.رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وێڕای بەخێرهێنانی کۆنسوڵی گشتیی یۆنان رایگەیاند: پەرلەمان پێداگرە لەسەر دیالۆگ لەگەل حکومەتی فیدراڵ و گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوسەنگ لەپێناو زامنکردنی مافەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا بەئامانج دەزانێت.
پەیوەندیی دۆستانەی هەرێمی کوردستان و یۆنان تەوەرێکی تری دیداری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و کۆنسوڵی گشتیی یۆنان بوو، لەوبارەیەوە د.رێواز فایەق رۆڵی وڵاتی یۆنانی بەرزنرخاند لە پێشوازیی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان کە لەدەیەی کۆتایی سەدەی بیستەم بۆ مەبەستە جیاوازەکان روویان لە ئەوروپا دەکردو یۆنان وێستگەیەکی ئارامی کۆچبەران بوو و هیوای خواست حکومەت و پەرلەمانی یۆنان دەرفەتی زیاتر بڕەخسێنن بۆ هەماهەنگی لەنێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان لە بوارە جیاوازەکاندا.