Skip to the content
Menu

شاندی هەدەپە سەردانی پەرلەمانی کوردستان دەکات

بەمەبه‌ستی دیالۆگ لەسەر رەوشی کورد لەتورکیاو دروستکردنی په‌یوه‌ندی و هەماهەنگی بۆ بنیادنانی یەکێتیی نەتەوەیی، سه‌عات ١٢ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٨/٩/٢٠١٩، شاندێکی هەدەپە بەسەرۆکایەتیی سەزای تەمه‌للی هاوسەرۆکی هەدەپە و بەیاوەریی بەردان ئۆزتورک هاوسەرۆکی کەجەدەو پەرلەمانتاری ئاگری و فاتما کۆرتلان پەرلەمانتار و وتەبێژی فراکسیۆنی هەدەپە و فەلەکناز ئۆجا پەرلەمانتاری ئیلا‌ه و نەزمی گور جێگری سەرۆکی هەدەپە و ئیمام تاشجیەر پەرلەمانتاری ئامەد و موزەیەن گونەش و عابد ئیکە نوێنەرانی هەدەپە لەهەرێمی کوردستان سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کردو لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و سەرجەم سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمان پێشوازییان لێکرا.
لەکۆبوونەوەیەکدا لەلایەن شاندی باڵای هەدەپەو پەرلەمانتارانی سەر بەو پارتە باس لە رەوش و بارودۆخی سیاسیی تورکیاو رەوشی کورد لەو وڵاتە کراو داوایان لە پەرلەمانی کوردستان کرد هاوکارو هەماهەنگیان بن و پشتگیرییان بکەن بۆ نێوەندگیری بۆ بەدیهێنانی مافەکانی کورد لە تورکیا.
لەلایەن خۆیەوە د.ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان بۆ پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند: "هەرێمی کوردستان بەگشتی و پەرلەمان بەتایبەتی پشتیوانیی خەباتی ئاشتییانەی هەموو گەلانە بەنەتەوەى خۆشمانەوە"، هه‌روه‌ها جەختی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان بەرێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن کردەوەو باسی له‌ دۆخی هەرێمی کوردستانی کرد کە شەڕی داعشیان تەواو کردووە بەخوێنی سه‌دان گەنجی کوردستان لەگەڵ ئەوەش دوژمنان هەمیشە چاویان بڕیوەتە هەرێمی کوردستان و ئەو ناوچانەی کە بەرگریمان لێکرد تا نەکەوێتە دەستی داعش کەچی بەهێز لێمانیان سەندەوە و رایگه‌یاند: "ئەگەر ئیرادەی بەهێزی کوردستان نه‌بوایە ئەوا تووشی گرفتی زۆر گەورەتر دەبووین، لەئێستادا ئێمە بەگفتوگۆ هەوڵی چارەسەکردنی کێشەکانمان دەدەین لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەند، بەڵام تا ئێستاش بەدەر نین لە مەترسییەکان، بۆیە بریارمانداوە بەرێگەی ئاشتییانە چارەسەری کێشەکانمان بکەین". پاشان باسی لە پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە کوردستان بووەتە هۆکاری پێکەوەژیانی سەرجەم ئاین و ئاینزا و نەتەوە جیاوازەکان، لەدرێژەی وتەکانیدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "ئەو کاتەی کۆبانێ هێرشی داعشی لەسەر بوو لەسەر داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان هێزمان بۆ کۆبانی ناردو نه‌مانهێشت بکەوێت، لەم سۆنگەیەشەوە پشتیوانیی ئێوەش دەکەین، بەڵام بەرێگەی ئاشتییانە، چونکە ئێمە میللەتێکین بریارمان داوە بەرێگەی ئاشتییانە چارەسەری کێشەکانمان بکەین و بڕوای تەواویشمان بەبنەماکانی دیموکراتی و یەکتر قبوڵکردن هەیەو کوردستان ئەو ناوچەیەیە کە تەواوی بیروباوەرو ئاین و نەتەوە جیاوازەکان بوونیان هەیە".
پاشان هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "پشتیوانی لە وتەکانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەکەم و ئەزموونی هەرێمی کوردستان ئەو فرە رەنگییەی لەبەرامبەرتانە فرەڕەنگی سیاسی، نەتەوەیی، ئاینی، مەزهەبییە، لەدرێژەی وتەکانیدا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "نەتەوەی کورد یەک نەتەوەیەو بەبێ ئیرادەی خۆی دابەشکراوەو هەر پارچەیەکیش تایبەتمەندیی خۆی هەیەو ئێمە وەکو پەرلەمانی کوردستان باوەرمان بەخەباتی ئاشتییانە هەیەو بەهەموو شێوەیەک دژی شەڕی کوردین بەکورد و لەپەرلەمانی کوردستان پشتیوانیی چارەسەری ئاشتییانە دەکەین و باوەرمان بەبرایەتیی گەلانی ناوچەکە هەیە و هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییەو پەرلەمان و حکومەتی خۆی هەیەو رێز له‌یاسا نێودەوڵەتییەکان دەگرێت و نابێت هیچ هێزێک دەستوەربدات لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و رێگەنادەین خاكی هەرێمی کوردستان بۆ پەلاماردانی وڵاتانی دراوسێ بەکاربێت، لەمبارەیەشەوە چاوەرێمان لەهەموو هێزو لایەنە سیاسییەکانی پارچەکانی تری کوردستان هەیە ئەم تایبەتمەندییە دەستوورییە فیدراڵییە یاساییەی هەرێمی کوردستان بپارێزن و هەرێمی کوردستان نەکەنە گۆرەپانی ململانێکانیان، هاوکات ئیدانەی ئەو کردەوە تیرۆریستیەشی کرد کە له‌ ریستۆرانتی هۆقەبازی شاری هەولێر روویدا"، هەروەها جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "ئێمە دەزانین فاشیزم و راسیزم هەیە لە ناوچەکە بۆیە پێویستە هێزە سیاسییە کوردییەکان نەبنە قوربانیی ئەو تەوژمانە، دەریش کەوت نە کردەوەی سەربازی کوردی پێ لەناو براو نە خەباتی چەکداریش کێشەی کوردی چارەسەر کرد، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان نیگەرانیی پەرلەمانی کوردستانی راگەیاند لەبارەی لەسەر کار لادانی سەرۆکی شارەوانییە کوردەکان و بەکارێکی نادیموکراسیی وەسفکرد"، کۆتایی قسەکانیشی پشتیوانیی لە خەباتی سیاسی و دیموکراسییانە کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد لە ناوخۆی تورکیا .
پاشان منی نبی قه‌هوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان لە وتەیەکدا بۆ شاندی میوان باسی لە پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە دەستەبەری مافەکانیان کراوەو هەرێمی کوردستانی بەماڵی سەرجەم نەتەوەو ئاین و مەزهەب و بیروباوەری جیاوازی سیاسی وەسف کرد و جەختی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان بەرێگەی ئاشتییانە کردەوە.
دوابەدوای ئەوانیش هەریەک لە سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان جەختیان لە وتەکانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و رایانگەیاند: "پاڵپشتی لە داواکانی شاندی هەدەپە دەکەین و چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکانیان بە گونجاوترین رێگە دانا بۆ گەیشتن بە مافەکانیان".