Skip to the content
Menu

شاندی پەرلەمان له‌ به‌غدا سەردانی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقى کرد

له‌ درێژه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ شارى به‌غدا، ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 4/9/2019، شاندی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و یاوه‌ریى ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌ فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی په‌رله‌مان سه‌ردانی حه‌سه‌ن كه‌عبى جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقى كرد.
لەدیدارێکدا بارودۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ كرا و جەخت لەسەر پێویستیی پێكه‌وه‌ كاركردن و پته‌وكردنی پەیوەندییەکانی نیوان په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرایه‌وه‌.
حەسەن که‌عبی باسی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراقی کرد لە هێنانەکایەی ئاشتەوایی لەنێوان سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کوردستانی لە بەغدا بۆ ئەم ئاشتەواییە بەرزنرخاند.
لەلایەن خۆیەوە هێمن هەورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمه‌ی کرد و تێڕوانین و ستراتیجی په‌رله‌مانى كوردستانى بۆ هه‌نگاوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراف بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانى نێوان هه‌ردوولا خسته‌ڕوو و ڕایگەیاند: "پەرلەمانی کوردستان پشتیوانی له‌ هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکانێ نێوان هەردوولا به‌پێی ده‌ستوورى عێراق ده‌كات"، گوتیشی: "بۆئەوەی شەریکێکی ڕاستەقینە بین پێویستە ئەو یاسایانەی کە ڕەهەندی نەرێنیان هەیە تێپەڕ نەکرێن"، هه‌روه‌ها نیگەرانیی پەرلەمانی کوردستانی سەبارەت بەمادەی ۱٦ی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان گه‌یانده‌ جێگرى یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و داوایکرد ئەو مادەیە چارەسەر بکرێت و هەموار بکرێتەوە، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ خەڵکێکی زۆر لە ئاوارەکان مافی دەنگدانیان دەفەوتێت، هاوکات داوایکرد هەرێمی کوردستان حزوری جدیی هەبێت لە یاسای بودجە و نەوت و گازدا.