Skip to the content
Menu

له‌ دانیشتنی كردنه‌وه‌ى خولی پایزه‌
د.رێواز فایه‌ق: "په‌رله‌مان به‌رپرسه‌ له‌ ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌ی ته‌شریعی بۆ به‌ئامانجگه‌یاندنی كارنامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان"

سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 1/9/2019، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی كردنه‌وه‌ی خولی پایزه‌ له ‌ساڵی یه‌كه‌می‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ له‌ چوار خاڵ پێكهاتبوو خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌ یه‌ك ده‌قیقه‌ بێده‌نگی وه‌ستان بۆ رێزلێنان له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ مارشی نه‌ته‌وه‌یی، خاڵی دووه‌میش بریتی بوو له‌ كردنه‌وه‌ى خولی پایزه‌ى ساڵی یه‌كه‌م له‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌پێی حوكمى بڕگه‌ی (سێیه‌م) له‌ ماده‌ (18)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانى كوردستان، خاڵی سێیه‌میش بریتی بوو له‌ وتارى به‌ڕێز سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌بۆنه‌ی كردنه‌وه‌ى خولی پایزه‌ى ساڵی یه‌كه‌م له‌ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانى كوردستان-عێراق، خاڵی چواره‌م و كۆتاییش بریتی بوو له‌ وتارى سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانى كوردستان بۆ خستنه‌‌ڕووى ئه‌وله‌وییه‌تی ته‌شریعییان له‌ وه‌رزى یاسادانانى نوێ ته‌نها له‌ ماوه‌ى (3) خوله‌كدا.
سه‌ره‌تاى دانیشتنه‌كه‌ به‌ده‌قیقه‌یه‌ك به‌بێده‌نگی وه‌ستان بۆ رێزلێنان له‌گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ مارشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ستیپێكرد و دواتر له‌لایه‌ن سكرتێری په‌رله‌مان به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌ خوێندرایه‌وه‌.
پاشان سه‌رۆكی په‌رله‌مان كردنه‌وه‌ی خولی به‌هاره‌ له‌ساڵی یه‌كه‌می‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنى راگه‌یاند و به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد و تیایدا رایگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ 1-9-2019، خولی پایزه‌ی گرێدان له‌ ساڵی یه‌كه‌می خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژارنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ستپێده‌كات و متمانه‌به‌خشین به‌كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ 10-7-2019 خاڵی جه‌وهه‌ری و جیاكه‌ره‌وه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ ده‌بێت له‌ وه‌رزی یاسادانانی یه‌كه‌م، چونكه‌ له‌ ڕووه‌كانی یاسادانان و چاودێری و به‌دواداچوونی ئاماده‌كارییه‌كانی بودجه‌ی گشتیی هه‌رێم ئه‌ركی ڕاسته‌قینه‌و جیاواز ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران، بۆیه‌ گرنگه‌ ڕوانگه‌ی ته‌شریعیی ڕوونمان بۆ وه‌رزه‌كه‌ هه‌بێت و ئه‌ركی چاودێریكردنی حكومه‌تیش هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌ركی یاسادانان له‌چوارچێوه‌ی یاساو په‌یڕه‌وی ناوخۆ نادیده‌ نه‌گرین، چونكه‌ ئه‌م دوو ئه‌ركه‌ یه‌كتر ته‌واو ده‌كه‌ن و بایه‌خ و ئه‌رزشی یه‌كتر ڕه‌نگڕێژ ده‌كه‌ن".
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی په‌رله‌مان راشیگه‌یاند: "كۆی گشتی (34) پێشنیازه‌یاساو بڕیار ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كراوه‌و به‌چاوی بایه‌خه‌وه‌ له‌ پێشنیازی پێشكه‌شكراوی په‌رله‌مانتاران ده‌ڕوانین و خۆمان پابه‌ندی حوكمه‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆ كردووه‌ له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پێشنیازی یاساو بڕیاره‌كان و له‌ پشووی وه‌رزی یاسادانان زیاتر له‌ جارێك لیژنه‌ی كاروباری یاسایی و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان و سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كۆبوونه‌ته‌‌وه‌و هاوئاهه‌نگیمان كردووه‌ بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی پێشنیازه‌یاساكان، ئێستاش پێشبینیمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ فراكسێۆنه‌كان و په‌رله‌مانتاران بۆشایی یاسایی و كه‌موكورتیی یاسابه‌ركاره‌كان و پێداویستیی قۆناغه‌كه‌ به‌ ئاراسته‌ی خزمه‌تی زیاتری كوردستانیان بكه‌نه‌ بنه‌مای پێشكه‌شكردنی پێشنیازه‌یاسای دیكه".
هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: "سه‌رباری كاركردنمان بۆ هاوئاهه‌نگی و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ته‌واوی فراكسێۆنه‌ كوردستانییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ هه‌وڵی سیاسی و به‌كارهێنانی مافه‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین، هه‌روه‌ها په‌رله‌مانی كوردستان هاوكات له‌گه‌ڵ هاندانی گشت لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ یه‌كڕیزی و هاوئاهه‌نگی له‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی كه‌ركوك و ته‌واوی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و هاندانیان بۆ ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان و پرۆسه‌ی سه‌رژمێریی گشتی بڕیارلێدراو له‌لایه‌نی حكومه‌تی ناوه‌ندی، پشتیوانیی سیاسی خۆی بۆ بژارده‌ی گفتوگۆ له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵی به‌ ئاراسته‌ی دانوستانی هاوسه‌نگ و چاره‌سه‌ری لۆژیكیی كێشه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستانیان و فه‌راهه‌مكردنی سه‌قامگیریی سیاسی و ئابووری ڕاده‌گه‌یه‌نێت".
له‌باره‌ی كاركردنه‌وه‌ی لیژنه‌ی ئاماده‌كردنی ده‌ستوور بۆ ڕاپرسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "به‌مه‌به‌ستی ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌ی سیاسیی له‌بارو ژینگه‌یه‌كی ته‌ندروست بۆ كاراكردنه‌وه‌ی لیژنه‌ی ئاماده‌كردنی ده‌ستوور بۆ ڕاپرسی، ده‌ستمان به‌سه‌ردانی حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و به‌رده‌وام ده‌بین به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی جۆرێك له‌ كۆده‌نگیی سیاسی و نیشتیمانی سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان كه‌ دواجار ده‌بێته‌ سایه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی گشت جیاوازییه‌كان و پارێزه‌ری ماف و ئازادییه‌ گشتییه‌كان و ده‌بێت فه‌راهه‌می ڕه‌زامه‌ندیی جۆرێك له‌ كۆده‌نگیی پێشوه‌خته‌ی بۆ بكه‌ین".
سه‌باره‌ت به‌هاوئاهانگیی نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌وه‌ی خسته‌روو: "كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كارنامه‌یه‌كی ڕاگه‌یه‌نراوی هه‌یه‌ كه‌ له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان خراوه‌ته‌ڕوو، جێبه‌جێكردنی ئه‌و كارنامه‌یه‌ش زه‌مینه‌ی ته‌شریعیی له‌باری ده‌وێت، كه‌ خۆی له‌ نزیكه‌ی 14-16 پڕۆژه‌یاساو بڕیاردا ده‌بیننَته‌وه‌، له‌هه‌ره‌ گرنگترینیان پڕۆژه‌یاسای چاكسازییه‌ له‌ بواری خه‌رجی و داهات و وه‌زیفه‌ی گشتی و خانه‌نشینی، چاكسازی له‌كه‌رتی ته‌ندروستی و ده‌رمان و خۆراك له‌ ڕێگه‌ی پرۆژه‌یاساكانی (دامه‌زراوه‌ی نیشتیمانیی ده‌رمان و خۆراك، پاراستنی مافی نه‌خۆش، پارێزبه‌ندیی پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی)، پرۆژه‌ یاسای (پاراستنی سه‌رچاوه‌كانی ئاو له‌ هه‌رێمی كوردستان)، پرۆژه‌ یاسای (هه‌مواری یاسای وه‌به‌رهێنان)، پرۆژه‌ یاسای (بیمه‌ی كشتوكاڵی)، (پرۆژه‌ یاسای كار و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ كرێكارانی كه‌رتی تایبه‌ت)، (پرۆژه‌یاسای سیستمی بانكی هاوچه‌رخ)و هتد... بۆیه‌ له‌و ڕوانگه‌یه‌ی كه‌ په‌رله‌مان به‌رپرسه‌ له‌ ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌ی ته‌شریعی بۆ به‌ئامانج گه‌یاندنی كارنامه‌كه‌ وه‌ك خۆی كه‌ دواجار كارنامه‌ی زۆرینه‌یه‌كی ڕه‌های په‌رله‌مانییه‌".
دواتر به‌پێی خاڵی چواره‌می به‌رنامه‌ی كار كه‌ بریتی بوو له‌ وتارى سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانى كوردستان بۆ خستنه‌‌ڕووى ئه‌وله‌وییه‌تی ته‌شریعییان له‌ وه‌رزى یاسادانانى نوێ، سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌پێی ریزبه‌ندیی لیستی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان داوای له‌سه‌رۆكی فراكسیۆنی زه‌رد كرد وتاره‌كه‌ی پێشكه‌ش بكات، به‌ڵام له‌لایه‌ن سه‌رۆكی فراكسیۆنی زه‌رده‌وه‌ پێشنیازكرا به‌هۆی سروشتی كاری په‌رله‌مانی و عورفی په‌رله‌مان داوایكرد سه‌ره‌تا فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن وتاره‌كانیان پێشكه‌ش بكه‌ن و دوای راوێژكردنی پێشنیازه‌كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌، پێشنیازه‌كه‌ په‌سندكراو به‌مشێوه‌یه‌ سه‌ره‌تا فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن به‌رنامه‌ی كاری ته‌شریعیی خۆیان بۆ خولی گرێدانی پایزه‌ی په‌رله‌مان خسته‌ڕوو هه‌روه‌ها پشتگیرییان له‌ هیڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی وتاری سه‌رۆكی په‌رله‌مان كردو هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی وتاره‌كانیشیان جه‌ختییان له‌سه‌ر چه‌ند پڕۆژه‌و پێشنیازی یاساو بڕیاری تایبه‌ت به‌چاكسازی و پێشخستنی ئابووری و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌و له‌گه‌ڵ چه‌ندین پێشنیازی دیكه‌ كرده‌وه‌.
دواتر ده‌رفه‌ت درا به‌فراكسیۆنه‌كانی به‌شدارو پێكهێنه‌ری حكومه‌ت و له‌لایه‌ن ئه‌و سه‌رۆك فراكسیۆنانه‌شه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشتگیری له‌به‌رنامه‌ی كاری كابینه‌ی نوێ و ره‌خساندنی زه‌مینه‌ بۆ ده‌رچوواندنی پێشنیازی یاساو بڕیاره‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی هێڵه‌ گشتییه‌كانی به‌رنامه‌ی كاری حكومه‌ته‌كه‌ نیشانداو جه‌ختییان له‌سه‌ر ئه‌ركی به‌داواداچوونی په‌رله‌مانی بۆ پڕۆژه‌و كاره‌كانی ئه‌و حكومه‌ته‌ش كرده‌وه‌.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كانیاندا تیشكییان خسته‌سه‌ر پێویستیی تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه‌یاسای چاكسازی و هێنانی بودجه‌ی گشتی بۆ په‌رله‌مان و كاراكردنه‌وه‌ی لیژنه‌ی ره‌شنووسی ده‌ستوور كرده‌وه‌.
پاشان سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانی پێكهاته‌كانی كلدان و سریان و ئاشوور و توركمان و ئه‌رمه‌ن، وتاری خۆیان له‌باره‌ی روئیای ته‌شریعییان خسته‌ڕوو و له‌ وتاره‌كانیاندا جه‌ختییان له‌سه‌ر پاراستنی بنه‌ماكانی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌و ده‌سته‌به‌ركردنی زیاتری مافه‌كان بۆ پێكهاته‌كان كرده‌وه‌و هه‌روه‌ها پشتگیریی خۆیان بۆ سه‌رخستنی به‌رنامه‌ی كاری كابینه‌ی نوێ و پڕۆژه‌كانی چاكسازی كرده‌وه‌.
دوای ته‌واوبوونی وتاری سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا.