Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ته‌ندروستی له‌گه‌ڵ ستافی سه‌نته‌رى هێلیناو نوێنه‌رانی په‌یمانگه‌ی پزیشكی دادوه‌رى كۆبووه‌وه‌

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 18/9/2019، لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌و مافی به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی د.سه‌باح مه‌حمود سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ به‌جیا پێشوازیى له‌ ستافی سه‌نته‌ری هێلینا و نوێنه‌رانی په‌یمانگه‌ی پزیشكى دادوه‌ری كرد.
سه‌عات 10ى به‌یانی لیژنه‌كه‌ پێشوازیى له‌ده‌سته‌ی كارگێڕیی سه‌نته‌ری هێلینا كردو له‌دیدارێكدا سه‌ره‌تا شاندی میوان باسیان له‌كارو چالاكییه‌كانی سه‌نته‌ره‌كه‌یان كرد كه‌خزمه‌تی منداڵانی ئۆتیزم و مه‌نگۆلی و خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان ده‌كات له‌ بواره‌كانی ڕاهێنان و چاره‌سه‌ركردن و بواری په‌روه‌ده‌دا، به‌ڵام چه‌ندین كێشه‌و كه‌مو كوڕییان هه‌یه‌ له‌بواری دارایی و كه‌لوپه‌لی به‌رده‌ست و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش داوایان له‌ لیژنه‌كه‌ كرد هاوكارییان بكات له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیاندا.
له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆك و ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ به‌ڵێنی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییان پێدان و بڕیاریاندا بۆ زیاتر ئاشنابوون به‌كار و چالاكییه‌كانیشیان له‌داهاتوویه‌كی نزیكدا سه‌ردانی سه‌نته‌ره‌كه‌ بكه‌ن.
هه‌ر ئه‌مڕۆ لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی په‌یمانگه‌ی پزیشكی دادوه‌ری كۆبووه‌وه‌و له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌یدا نوێنه‌رانی په‌یمانگه‌كه‌ كۆمه‌ڵێك داواكاری و كه‌موكوڕییان خسته‌ڕوو، له‌وانه‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه‌ی كه‌ ساڵی 2013 له‌ عێڕاق ده‌رچووه‌ و كۆمه‌ڵێك ئیمتیازاتی گونجاوی تێدایه‌ بۆ ئه‌و دكتۆرو كارمه‌ندانه‌ی كه‌ له‌م بوارانه‌دا كار ده‌كه‌ن.
له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكی لیژنه‌ باسی له‌گرنگی و ڕۆل و كاری پزیشكانی دادوه‌ری كردو ڕایگه‌یاند: "كه‌ده‌بێت مافه‌كانیان بۆ ده‌سته‌به‌ر بكرێت".