Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردستانی چه‌ند پرسێكی گرنگی تاووتوێ كرد

سه‌عات ١١ی پێشنیوەرٍۆى ئەمڕۆ پێنچشەمە ١٨/٩/٢٠١٩ لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خوی ئەنجامدا.
کۆبوونەوەكه‌ بەسەرپەرشتیی د.ڕێبوار بابکەیی سەرۆکی لیژنەو ئاماده‌بوونی جێگری سەرۆکى لیژنەو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌ بەڕێوەچوو.
مەبەست لە کۆبوونەوەکە بۆ تاووتوێکردنی چەند پرسێک بوو، لەوانه‌ سەرۆکی لیژنە باسى لە ناوەرۆکى بڕیارەکانی ئەو کۆبوونەوەیە کرد کە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەل سەرۆک فراکسیونە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق بەئامادەبوونی دەستەی سەرۆکایەتیی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمان بەڕێوەچوو.
لەوبارەیەوه‌ بریاردرا کە ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش دروستبکرێت لەگەل لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكی لیژنه‌ باسی لە ناوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوەیە کرد کە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەئامادەبوونی دەستەی سەرۆکایەتیی لێژنەی پەیوەندییەکان لەگەڵ شاندی پەرلەمانتارانی پەرلەمانی بەریتانیا ئه‌نجامیدا کە تیایدا سەرۆکی لیژنە پێشنیازی ئەوەی بۆ شاندی میوان کردبوو کە گرووپێکی دۆستایه‌تی لەنێوان پەرلەمانتارانی کوردستان و پەرلەمانتارانی به‌ریتانیا دروست بکرێت.
لەوڕووەوە لیژنە بڕیاریدا کە کار لەسەر ئەو پێشنیازەی سەرۆکی لیژنە بکات و ئەو گرووپە دروست بکرێت بۆئەوەی پەیوەندیی نێوان هەردوو پەرلەمان لەڕێی ئەو گرووپەوە دروست بکرێت و پاڵپشتیی پەرلەمانتارانی بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان بەدی بهێنێت.
ئاستەنگ و ڕێگرییەکانی تاراوگە بۆ پێدان و تازەکردنه‌وه‌ی پاسپۆرتی عێراقی ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو تیایدا جەخت لە سەر ئەوە کرایەوە لەگەڵ لیژنەى پەیوەندییەکان لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەدواداچوون بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکانیان.