Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان پێشوازیی له‌شاندێكی لیژنه‌ی وه‌رزش و لاوانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێڕاق كرد

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 25/9/2019، لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی لوقمان وه‌ردی سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرو بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ پێشوازیى كرد له‌ شاندێكی لیژنه‌ی وه‌رزش و لاوانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێڕاق كه‌ پێكهاتبوو له‌ عباس علیوی سه‌رۆكی لیژنه‌ و دیار ته‌یب جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاره‌زوو مه‌حمود بڕیارده‌ری لیژنه‌كه‌.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ی ڕۆشنبیری وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی میوان ئاماژه‌یه‌كی خێرای له‌سه‌ر ره‌وشى وه‌رزش و لاوان له‌ هه‌رێمی كوردستان خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ها داوایكرد له‌و پڕۆژه‌یاسای لیژنه‌ی ئۆڵمپیی عێڕاق ڕه‌چاوی ره‌وشى وه‌رزشی له‌ هه‌رێمی كوردستان بكرێت و مافی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان بدرێت كه‌ ئه‌م پڕِۆژه‌یاسایه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێڕاق په‌سه‌ند ده‌كرێت.
له‌به‌رامبه‌ردا شاندی میوان سه‌ره‌تای قسه‌كانیان به‌ سوپاسكردنی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێكرد كه‌ له‌دوای ساڵی 2003وه‌ پارێزگاكان و یاریگاكانی هه‌رێمی كوردستان باوه‌شیان بۆ مه‌شق و ڕاهێنان و ئه‌نجامدانی چالاكییه‌كانى هه‌ڵبژارده‌ و یانه‌ عێڕاقییه‌كان كردۆته‌وه‌، هاوكات ئاماژه‌یان به‌ ره‌وشی وه‌رزش له‌ عێراق به‌گشتی كرد و ڕایانگه‌یاند: "له‌ئێستادا كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌یاسا له‌ گفتوگۆدان بۆ به‌ره‌وپێشبردن و ڕێكخستنی زیاتری بواری وه‌رزش و لاوان و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش داوای هاوكارییان كرد بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى پرۆژه‌یاساكان و په‌سه‌ندكردنیان.
له‌كۆتاییدا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی گفتوگۆ و هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌ردوو لیژنه‌ی په‌یوه‌ندیدار كرده‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی پێشخستنی ره‌وشی وه‌رزش و لاوان له‌عێڕاق و هه‌رێمی كوردستاندا، پێشنیازیش كرا كۆنفرانسێكی هاوبه‌ش ساز بكرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌ و ناكۆكییانه‌ی له‌نێوان لیژنه‌ی ئۆڵۆمپیی هه‌رێم و لیژنه‌ی ئۆڵمپیی عێڕاق هه‌یه‌.