Skip to the content
Menu

نوێنەرانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد

بەمەبەستی تۆکمەکردنی پەیوەندی و هەماهەنگییەکانیان، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٨/٩/٢٠١٩، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بەئامادەبوونی د.رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و منی نبی قه‌هوەچی سکرتێری پەرلەمان و ئاماده‌بوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان له‌ فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانى په‌رله‌مان، پێشوازییان لە نوێنەرانی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەسه‌رۆكایه‌تیی د.بەشیر خه‌لیل حه‌داد جێگیر دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.
لە دانیشتنێکدا بەتێروتەسەلی باس لەو کێشەو گرفتە یاساییانە کرا کە هەندێکیان دەنگیان لەسەر دراوەو هەندێکیشیان لەقۆناغی گفتوگۆکردنن و كاریگه‌ریى نەرێنییان بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەیەو دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان کەمدەکاتەوە، د.رێواز فایەق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان لەمبارەیەوە بەئامادەبووانی راگەیاند: "کە لە رابردوو و ئێستاشدا لە هەوڵی بەردەوامین بۆئەوەی ئەو یاسایانە تێپەڕ نەکرێن، بەڵام بە پرەنسیپی زۆرینە و کەمینە بەشێک لەو یاسایانە تێپەرکراون ، بۆ ئەم مەبەستەش لە دادگای باڵای فیدراڵی داوای یاسایی تۆمار دەکەین".
لەلایەن خۆیەوە هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وێڕای بەخێرهێنانی نوێنەرانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان رایگەیاند: "پەرلەمانی کوردستان بەهەموو شێوەیەک لە پشتتانەو ئامادەیە هەموو هاوکارییەکی یاساییتان بکات".
پاشان یەک بەیەک پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راو پێشنیازو پرسیارەکانیان ئاراستە کردو لەلایه‌ن هەریەک لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەڵامدرانەوە لەمبارەیەشەوە کۆمەڵێک بڕیاریاندا لەوانە دروستکردنی چەند لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان و لیژنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەردانی مەیدانی لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ لیژنە هاوتاکانیان لە ئەنجوومەنی نوێنەران و هەردوولا سوود لە توانا مرۆییەکانی یەکتر وەربگرن و لەسەرەتای هەر وەرزێکی یاسا دانانیش کۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجامبده‌ن.